بافڵ تاڵەبانی هێرش دەكاتە سەر ئۆپۆزسیۆن و بارزانی و دەشڵێت: هەموو بەڵێنەكانمان جێبەجێ كردووە
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی هێرش دەكاتە سەر لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و بە "مشك" ناویان دەبات. هەروەها بەبێ ناوهێنان هێرش دەكاتە سەر مەسعود بارزانی و دەڵێت "قەت حەق نییە كەسێك هەڕەشەیەك بكات كە پێی جێبەجێی ناكرێت". دەشڵێت "ئەم ئێوارەیە بۆ مووچە قسەم لەگەڵ سوودانی كرد و زۆر باش قسەی كرد. لە هەوڵداین مەسەی مووچە چارەسەر كرابێت".
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كەرنەڤاڵی پەنجایەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیدا وتارێكی پێشكەش كرد تێیدا وتی "هەمووتان دەزانن لە بەغدا قسەی كێ دەخوا و كێ ئیشی پێ جێبەجێ دەكرێت. لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن وەكوو مشك لە ماڵەوە سەیری تەلەفزیۆن دەكەن، هیچیان پێ ناكرێت".
سەرۆكی یەكێتی پەیامێكیشی ئاراستەی بەغدا كرد و وتی "گوێ لە میللەتەكەمان بگرن، گوێ لە چەند سەركردەیەك مەگرن كە لەبرییان چووەتەوە برسێتی چییە".
سەبارەت بە باردۆخی ناوخۆی كوردستان و بەڵێنەكانی هەڵبژاردنیش، بافڵ تاڵەبانی وتی "هەشت مانگ لەمەوبەر بەڵێنمان دا چەند شتێك بكەین، هەمووی جێبەجێ كراوە و هەندێكیشی بەڕێوەیە".
بافڵ تاڵەبانى بەبێ ئەوەى هیچ یەکێک لە بەڵێنە جێبەجێکرداوەکان بخاتە ڕوو، وتیشى "وتمان باڵانسی هێز ڕێك دەخەینەوە، ڕێكی دەخەینەوە. ئەزانم هەندێكتان بەلەیین كە دامەزراندنی حكومەت تۆزێك وەختی پێ چوو، بەڵام دەبێت سەبرتان هەبێت، چونكە تا شتەكان وەكوو پێویست نەبن، یەكێتی قەت سازش ناكات".
سەرۆكی یەكێتی وتیشی "یەكێتی بەشێكە لە هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە دنیادا دەیبینن. وڵاتە زلهێزەكان پرس بە یەكێتی دەكەن، ڕای یەكێتی وەردەگرن و گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی دەكەن".