گۆڕان بەشداربوو لە کۆبوونەوەی حیزبەکان و دەڵێت: لەگەڵ ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدانین

31-05-2025 01:51

پەرەگرف

دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان(ئاڕاستەی کوردسات) کە بەشداربوون لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و لایەنەکانی دیکە ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدانین و پێیانوایە پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەکان دەبێت دانوستان بکەن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆبوونەوەی حیزبەکان ڕاوێژکاریی بێت بۆ باشکردنی ژیانی خەڵک کە لە موزایەدەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات گرنگترە.

"بۆ گەیاندنی خەمی گیرفانی خەڵک لە کۆبوونەوەکە بەشداربووین و ڕای خۆمان ڕاشکاوانە گوت کە داهاتی نەوتی و نانەوتی ناشەفافە" دلێر عەبدولخالق وای وت.

وتەبێژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، پرسیاری ئەوەیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەیە کە ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد نەکرێت، ئایا بە داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم دەتوانرێت مووچە دابین بکرێت؟.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەسەر  بانگهێشتی پارتی لە مەکتەبی سیاسی ئەوحیزبە ئەنجامدرا، بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغداد دوای ڕاگرتنی مووچەی هەرێم.

بەشێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بایکۆتی ئەو کۆبوونەوەیەیان کردو دەڵێن، پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی خەڵکە نەک کۆبوونەوەی حیزبیی.