پەرەگراف
وەزارەتی تەندروستی هەرێم تۆمارکردنی حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاند، تووشبووەکە لە قەزای ڕانیەیەو تەمەنی 29 ساڵەو ئاژەڵدارە، بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبووە.
"دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، لە ئێستادا لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە" وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.
ئەوە چوارەم حاڵەتی تووشبوونە کە ئەمساڵ لە هەرێم تۆمار دەکرێت، حاڵەتێکیان گیانی لەدەستداو ئەوانی دیکە چاکبوونەتەوەو نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، "لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە. یان هاوڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن".