قەیس خەزعەلی: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن رەنگدانەوەی رێبازی جوداخوازانەی هەرێمی کوردستانە
پەرەگراف
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق، دەڵێت، هەرێمی کوردستان "پابەند نییە بە ڕادەستکردنی نەوت و داهات"، ئەوەش بە ڕەنگدانەوەی خەونی کورد بۆ جیابوونەوە لە عێراق ناودەبات، "کە پەیوەستە بە واقیعێکی سیاسی ناوچەیی فراوانترەوە، بەتایبەتی لە سوریا و ناوچەکە بەگشتی".
خەزعەلی کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی کە حکومڕانیی عێراق دەکەن، دەشڵێت، سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، رەنگدانەوەی ئەو رێبازە جوداخوازانەیەو هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی سەرکردایەتی هەرێمدا لەوبارەیەوە رووینەداوە، ئەم بابەتە مەترسی لەسەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان دروست دەکات و زیان بە عێراق دەگەیەنێت بە گشتی.
خەزعەلی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات پەیوەست بێت بە عێراقەوەو پابەندییەکانی سەرشانی جێبەجێ بکات لە ڕادەستکردنی نەوت و داهات لە بەرامبەر داواکردنی بەشە بودجەکەیدا.
"بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لای هەمووان زانراوە، بە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و ئۆپێک و وڵاتە زلهێزەکانیشەوە کە بە ملیارەها دۆلار زیان بە بودجەی عێراق دەگەیەنێت. بارهەڵگرەكان بە ئاشكرا نەوت بە قاچاغ دەبەن بۆ ئەفغانستان و پاکستان، ئەم قاچاغچێتیە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت" خەزعەلی وادەڵێت.
دەشڵێت، حکومەتی عێراق نەرمیی نیشان دەدات لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هاوکاری بکات و بەردەوامە لە خستنەڕووی بیانوو و پاساوهێنانەوە.
10 ڕۆژ دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن کە بە بەهای 110 ملیار دۆلار گرێبەستی نەوت و گازی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکی واژۆکرد، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی پێنجەوە بە نووسراوێك حكومەتی هەرێمی ئاگادار کردەوە کە پشكی 12.67%ـی هەرێم كە لە بودجەدا دیاری كراوە، تەواو بووە و چیتر ناتوانێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغداد، نووسراوەکەی تەیف سامی ڕەت دەکەنەوەو بە ناڕاست و فشاری سیاسیی بەغداد لەسەر حکومەت و خەڵکی کوردستان لە قەڵەمی دەدەن، بەتایبەت دوای واژۆکردنی گرێبەستێکی ١١٠ ملیار دۆلاریی نەوت و گازی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، کە بەغداد دژی وەستاوەو ئەمەریکا پشتیوانیی دەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی هەواڵی گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی پێنج بوون لە بەغداوە، بەڵام نەک تەنها ئەو مانگە، مووچەی ٨ مانگی ئەمساڵ کەوتووەتە گێژاوەوەو تەیف سامی بە کارتی سوورەوە بەرەو ڕووی حکومەتی هەرێم وەستاوە.