شاخەوان عەبدوڵا: کاتی کشانەوەی کوردە لە بەغداد

29-05-2025 08:50

پەرەگراف

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی، لە کاردانەوەی ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەڵێت، هەرکاتێک بڕیاری بایکۆت یان پاشەکشە یان هەربڕیارێکی دیکە بدرێت، لەماوەی یەک کاتژمێر جێبەجێی دەکەم و پێشم وایە کاتیەتی.

شاخەوان عەبدوڵا دەشڵێت "داوامان لە سەرۆک کۆمار و  وەزیرە کوردەکان کردووە هەڵوێستی ڕوونیان لەمبارەوە هەبێت، چەند جارێک داوامان کردووە بڕیاری کشانەوە یان بایکۆتی ئێمە لەبەغدا بدرێت، بەڵام هەمیشە بوار بەگفتوگۆ دراوە و ئومێد وابووە کێشەکان چارەسەرببێت.

هاوکات ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە یەک دەنگ دژی بڕیارەکەی بەغداد وەستانەوەو  بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بە "سیاسەتی برسیكردن و بەئامانجگرتنی سیاسی" وەسف دەكەن و دەڵێن "پێشێلكردنی دەستوورە". داوای "دەستوەردانی بەپەلە"یش لە سەرۆكوەزیران دەكەن بۆ ناردنی مووچە و هەڵوێستی داهاتوویان بە وەڵامی سوودانییەوە دەبەستنەوە. هەروەها داوا لە سەرۆككۆمار و وەزیرە كوردەكان دەكەن هەڵوێستی "ڕوون و ڕاشكاو"یان هەبێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-05-2025، فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا سەرسوڕمانی خۆیان لە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ ڕاگەیاند، كە لە "كۆتایی مانگی پێنج و بەم بەرەجەژنانە"، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی داوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە مرۆیی و هەلومەرجەی كە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕن، دەردەكەوێت كە سیاسەتی وەزارەتی دارایی فیدراڵی گەیشتووەتە ئاستی برسیكردنیان، بۆیە ڕایدەگەیەنین كە ئەم بڕیارە بەئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلكردنی دەستووری عێراقە".

فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بە ئاماژەدان بەوەی كە "دەستوور جەختی لەسەر گەرەنتیكردنی كەرامەتی هاووڵاتی كردووەتەوە"، دەڵێن "ئەم كردارانە زیانگەیاندنن بە كەرامەتی هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان و ئەو سیاسەتەی كە وەزارەتی دارایی پەیڕەوی كردووە، پێشێلكردنی بڕگەكانی مادەی 14ی دەستوورە، كە مافی هاووڵاتیانی بە یەكسانی لە هەموو بەشەكانی عێراقدا مسۆگەر كردووە".

فراكسیۆنە كوردستانییە داوای چارەسەری "ڕیشەیی و هەمیشەیی" بۆ كێشەی مووچە دەكەن و ڕایدەگەیەنن "هەڵوێستی ئێمە وابەستەی وەڵامدانەوەی سەرۆكوەزیرانە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جیددی كە لەگەڵ ڕادەی ئازارەكانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا بگونجێت".