فراكسیۆنە كوردستانییەكان: بڕیارەکەى وەزارەتى دارایى نادەستوورییە و سەرۆکوەزیران بەپەلە دەستوەردان بکات
پەرەگراف
فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بە "سیاسەتی برسیكردن و بەئامانجگرتنی سیاسی" وەسف دەكەن و دەڵێن "پێشێلكردنی دەستوورە". داوای "دەستوەردانی بەپەلە"یش لە سەرۆكوەزیران دەكەن بۆ ناردنی مووچە و هەڵوێستی داهاتوویان بە وەڵامی سوودانییەوە دەبەستنەوە. هەروەها داوا لە سەرۆككۆمار و وەزیرە كوردەكان دەكەن هەڵوێستی "ڕوون و ڕاشكاو"یان هەبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-05-2025، فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا سەرسوڕمانی خۆیان لە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ ڕاگەیاند، كە لە "كۆتایی مانگی پێنج و بەم بەرەجەژنانە"، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی داوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە مرۆیی و هەلومەرجەی كە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕن، دەردەكەوێت كە سیاسەتی وەزارەتی دارایی فیدراڵی گەیشتووەتە ئاستی برسیكردنیان، بۆیە ڕایدەگەیەنین كە ئەم بڕیارە بەئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلكردنی دەستووری عێراقە".
فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بە ئاماژەدان بەوەی كە "دەستوور جەختی لەسەر گەرەنتیكردنی كەرامەتی هاووڵاتی كردووەتەوە"، دەڵێن "ئەم كردارانە زیانگەیاندنن بە كەرامەتی هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان و ئەو سیاسەتەی كە وەزارەتی دارایی پەیڕەوی كردووە، پێشێلكردنی بڕگەكانی مادەی 14ی دەستوورە، كە مافی هاووڵاتیانی بە یەكسانی لە هەموو بەشەكانی عێراقدا مسۆگەر كردووە".
فراكسیۆنە كوردستانییە داوای چارەسەری "ڕیشەیی و هەمیشەیی" بۆ كێشەی مووچە دەكەن و ڕایدەگەیەنن "هەڵوێستی ئێمە وابەستەی وەڵامدانەوەی سەرۆكوەزیرانە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جیددی كە لەگەڵ ڕادەی ئازارەكانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا بگونجێت".