پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە لەبارەی چارەنووسی 8 مووچەی ئەمساڵی هەرێم و دەڵێت: ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێم پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
وەزارەتی دارایی هەرێم بە زمانی عەرەبی وەڵامێکی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوکردەوە، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە خەرجی کردەیی (الإنفاق الفعلي)، پێچەوانەی حوکمەکانی دەستووری عێراقە، دیاریکردنی پشکی هەرێم دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی.
وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێککەوتن لەسەر لیست و خەمڵاندنەکانی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، زیندانییە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان کراوە بۆ هەژمارکردنی خەمڵاندنەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2025.
"لە ئەنجامی خەمڵاندنەکان گوژمەی 13 ترلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینار بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کرابوو. ئەم گوژمەیە لە کاتی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێزتان (تەیف سامی) جێگیر کرا. لەنێو ئەم گوژمەیەدا بڕی 4 ترلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دینار وەک گوژمەی تەواوکەری ساڵی 2025 خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیدا. ئەمساڵ بەپێی رێککەوتن بڕیار بووە عێراق 13 ترلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینار بنێرێت بۆ کۆی 12 مانگەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 4 ترلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دینار هاتووە. عێراق 9 ترلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینار ماوە کە بۆ ساڵی 2025 بینێرێت" دارایی هەرێم وادەڵێت.
ئەو وەڵامە دوای ئەوەدێت، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی پێنجەوە بە نووسراوێك وەڵامی حكومەتی هەرێمی دایەوەو و ڕایگەیاند، پشكی 12.67%ـی هەرێم كە لە بودجەدا دیاری كراوە، تەواو بووە و چیتر ناتوانێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت.
نووسراوەكە كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، چوارشەممە 28-05-2025 بە واژووی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئاراستەی حكومەتی هەرێم كراوە و تێیدا دەشڵێت "تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران (تەوتین)ـی جێبەجێ نەكردووە".
ئەم نووسراوە لە كاتێكدایە كە هێشتا چوار مووچەی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان دابەش كراوە، بەمەش چارەنووسی ئەو هەشت مووچەیەی كە ماوە دەكەوێتە مەترسییەوە.