ناڕازییەكان: سكاڵا دژی هەژماری من و كارەبای سەپێندراو تۆمار دەكەین

28-05-2025 04:18

پەرەگراف

گرووپی خەڵكی ناڕازی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، فشارەكانی حكومەتی هەرێم بۆ "سەپاندن"ـی هەژماری من ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە، كە داوا دەكات مووچەی فەرمانبەران لەسەر بانكە فیدراڵییەكان تەوتین بكرێت، نەك بانكە ئەهلییەكان".

لە وەڵامی وەزارەتی داراییشدا كە هۆشداریی ئەوەی بە مووچەخۆران داوە ئەگەر هەژماری من پڕ نەكەنەوە، مووچەیان پێ‌ نادرێت، ئەو دوو گرووپە ڕایانگەیاند "دڵنیا بن كەس بۆی نییە مووچەی هیچ كەسێ ببڕێت".

گرووپی خەڵكی ناڕازی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی وتیان "حكومەتی كاربەڕێكەر بەتایبەتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و دەوروبەری، فشاری دەست پێ كردووە بە ئاڕاستەی ناچاركردنی هەمووان بۆ سەپاندن و پڕكردنەوەی فۆڕمی (هەژماری من)".

وتیشیان "بە هیچ جۆریك ئێمەی مامۆستا و مووچەخۆران ناكەوینە داوی قسەی بەتاڵ و پووچی هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندن و هەڕەشەی بێ بنەمای نایاساییانەی چەند بەڕێوەبەرێك".

داوایشیان لە مووچەخۆران كرد كە "بایكۆتی هەژماری من بكەن". ڕایشیانگەیاند كە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەكەن و لەسەر هەردوو بابەتی "سەپاندنی هەژماری من و كارەبای سەپێندراو" سكاڵا تۆمار دەكەن.