زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە؛ ١٨ ڕۆژ لەبەردەم دەنگدەراندا ماوە

28-05-2025 10:32

پەرەگراف

لە سەرتاسەری عێراق یەك ملیۆن و ٦١٣ هەزار و ٤٢١ دەنگدەر تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەرانیان نوێ‌ كردووەتەوە. لەو ژمارەیە ٢٦٢ هەزار و ٦١٠ دەنگدەریان لە پارێزگاكانی هەرێمى کوردستان بوون. ١٨ ڕۆژ لەبەردەم دەنگدەراندا ماوە بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران.

ئەو دەنگدەرانەی لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و كارتی دەنگدانیان هەبووە، لەگەڵ ئەو كەسانەی تا ئێستا کارتەکانیان نوێ نەکردووەتەوە، ئەو کەسانەش كە لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٧ـن و یەكەم جارە مافی دەنگدانیان هەیە، پێویستە سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی كارتی دەنگدان.

بەپێی نوێترین ئامار كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، لە دوو مانگی ڕابردوودا لە پارێزگای هەولێر ١١٦ هەزار و ٧٢٤ دەنگدەر، پارێزگای سلێمانی ٨٥ هەزار و ٤٦٤ دەنگدەر، لە پارێزگای دهۆكیش ٦٠ هەزار و ٤٢٢ دەنگدەر تۆماری بایۆمەترییان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نوێ‌ كردووەتەوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە لە ١١-١١-٢٠٢٥ بەڕێوە بچێت. نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران لە ٢٥-٠٣-٢٠٢٥ دەستی پێ‌ كرد و پاش چەند جارێك درێژكردنەوەی، بڕیارە لە ١٥-٠٦-٢٠٢٥ ماوەكەی كۆتایی بێت.

ئامارى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدران لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق 👇