عێراق شاندێک ڕەوانەی ئێران دەکات بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە

27-05-2025 12:14

پەرەگراف

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، شاندێکیان ناردووە بۆ ئێران بۆ سۆراخی ونبووانی هەڵەبجەو لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیدان بیاندۆزنەوە.

بەپێی بەدواداچونێکی پێشتری پەرەگراف، ئاماری جیاواز لای رێکخراوەکانی تایبەت بە منداڵە ونبووەکان و حکومەتی هەرێم هەیە تایبەت بەو خێزانانەی لە کیمیاییبارانی هەڵەبجەدا چوونەتە ئێران و منداڵیان لێ ونبووە، ئەوەش پاڵپشتە بەو خێزانانەی ناویان تۆمار کردووە و منداڵی ونبوویان هەیە، لەگەڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی کە ونبوون و نەدۆزراونەتەوە.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، نزیکەی 75 خانەوادە تۆمارن کە منداڵی ونبوویان هەیە و زیاتر لە 200 منداڵی ونبووی هەڵەبجە هەن کە هێشتا نەدۆزراونەتەوە.

بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، كە ساڵانێكە كار لە دۆسیەی منداڵە ونبووەكانیشدا دەكەن، هەشت منداڵ بە خانەوادەکانیان شادبوونەتەوە، پێنج منداڵی تر هەن کە خۆیان وەک منداڵی ونبووی هەڵەبجە ناساندووە و هێشتا کەیسەکانیان یەکلایی نەبوونەتەوە.

لە هەڵمەتی كیمیاییبارانی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن لە 16ـی ئاداری 1988ـدا، جگە لە شەهیدبونی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی و دەربەدەربووی هەزارانی دیكە، لە نێویاندا ژن و منداڵ، سەدان كەسی دیكەش بە كیمیایی برینداربوون و لەوكاتەوە بەدەست ئازارەوە دەتلێنەوە، جگە لە تاڵاوی منداڵە ونبووەكان.

هەموو ساڵێك و لە 16ـی ئادار؛ برینی هەزاران خێزانی قوربانیی هەڵەبجە دەكولێتەوە، لە نێویاندا كەسوكاری منداڵە ونبووەكان، كە خەمی دۆزینەوەی ئازیزانیانە.