سەنتەری میترۆ: دەبێت سەندیكای ڕۆژنامەنووسان جیاوازی لەنێوان مۆڵەت و تۆماركردندا بزانێت
پەرەگراف
سەنتەری میترۆ، لێدوان و ڕێكارێكی نووسینگەی زاخۆی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕێكخستنی كاركردنی میدیاكان، بە "پێچەوانەی یاسای ڕۆژنامەگەری و قەدەغەكردنی كاری ڕاگەیاندن" ناو دەبات و دەڵێت "دەبێت سەندیكا جیاوازی لەنێوان مۆڵەت و تۆماركردندا بزانێت".
بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ڕووداو دەڵێت "ڕێگە بە هیچ ڕاگەیاندن و پەیجێك نادەین بێ هەبوونی مۆڵەت، كاری ڕۆژنامەنووسی بكات".
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە ڕۆژنامەنووسان بە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی وەڵامی بەرپرسەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی داوەتەوە و دەڵێت "ئەو لێدوان و ڕێكارە، پێچەوانەی ئەو بڕگانەن كە لە یاسای ژمارە (35)ـی ساڵی 2007ـی ڕۆژنامەگەریدا هاتووە و وەك ڕێكار و مەرجی پێویست بۆ دەركردنی ڕۆژنامە دیاریی كردووە، كە (تۆماركردن)ـە نەك (مۆڵەتدان)".
میترۆ ئاماژە بەوە دەكات كە لە یاسای ڕۆژنامەگەریدا هاتووە، خاوەنی ئیمتیاز یان دامەزرێنەرەكەی، ڕاگەیاندنێك لە دوو ڕۆژنامەی ڕۆژانەی هەرێم بڵاو بكاتەوە، كە ناو و نازناو و ڕەگەزنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی خاوەنی ئیمتیاز یاخود دامەزرێنەر و ناوی ڕۆژنامەكە و ئەو زمانەی كە پێی بڵاو دەكرێتەوە، لەگەڵ ناوی سەرنووسەر و ماوەی دەرچوونی تێدا بنووسرێ. ڕاگەیاندنەكەش بە بەیانی دەركردنی ڕۆژنامەكە دادەنرێ.
سەنتەری میترۆ جەخت دەكاتەوە "ئەم ڕێكارە بە بەیاننامەی دامەزراندن دادەنرێت لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان تۆماری دەكات، نەك بچێت "مۆڵەت" لە سەندیكا وەربگرێت".
"نووسینگەی زاخۆی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، مافی ئەوەی هەیە داوا بكات، ئەو پەیجانەی مۆركی كارەكانیان راگەیاندنە، واتە پەیامنێر و لۆگۆی تایبەت بە خۆیان هەیە، بچنە سەندیكا خۆیان تۆمار بكەن، نەك بڕیاری قەدەغەكردنیان دەر بكەن، چونكە یاسا ئەو دەسەڵاتەی پێ نەبەخشیون"، سەنتەری میترۆ وا دەڵێت.