ڕێكاری نوێ‌ بۆ خێراكردنی مامەڵەی خانەنشینی دەگیرێتە بەر

26-05-2025 12:32

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو ڕێكارانەی لە دوو مانگی ڕابردوو گیرانەبەر، ‏توانراوە بۆ لیستی مووچەی مانگی ئایار، پێنج هەزار و 261 خانەنشینی نوێ داخڵی لیستی ‏مووچە بكرێنەوە. ناوی ئەو خانەنشینانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق كراوە تا "لەگەڵ ‏مووچەی مانگی ئایار، مووچەی مانگەكانی ڕابردووشیان بۆ خەرج بكرێتەوە".‏

سستی لە بەڕێوەچوونی مامەڵەی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، وای كردووە هەزاران ‏فەرمانبەر كە ئەمساڵ خانەنشین كراون، هیچ مووچەیەك وەرنەگرن، ئەوەش ناڕەزایەتیی بەدوادا ‏هاتووە.‏

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "چەندین ڕێكار و هەنگاوی پێویست بۆ خێرا ڕاییكردنی مامەڵەی ‏خانەنشینان گیراونەتە بەر، لە چوارچێوەی ئەوەشدا داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی ‏نەبەستراو بە وەزارەت كراوە، كە لەسەر بنەمای فۆڕمی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ‏خانەنشین، دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە ڕەوانە بكەن كە تەمەنی یاساییان لە خزمەت تەواو بووە و ‏بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق ڕەوانەی خانەنشینی دەكرێن".‏

وەزیری دارایی هەرێم لە نووسراوێكدا داوای كردووە كە دۆسیەی خانەنشینان بەبێ‌ كەموكووڕی ‏ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی بكرێت، بۆ ئەوەی مامەڵەكانیان بەبێ‌ گرفت تێپەڕێت و ‏دوانەكەوێت، بە پێچەوانەوەشەوە وەزارەت و فەرمانگەی پەیوەندیدار بەرپرسیار دەبن.‏