دادگای فیدراڵی ڕۆژی دانیشتنی یەکەمی بۆ سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد
پەرەگراف
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی 6-7-2025ی دیاریکرد بۆ یەکەم دانیشتنی دادبینی سکاڵای عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵ کە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی کردووە.
عومەر گوڵپی دەڵێت: لە سکاڵاکەماندا داوامانکردووە دادگا بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕاسپاردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا، وەرگرتنەوەی هەموو ئەو ئیمتیازە ماددیانەی کە (٩٧) پەرلەمانتار لە ماوەی ڕابردوودا وەریانگرتووە لەبەرئەوەی هیچ کارێکیان نەکردووە.
"پێمانوایە ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەجۆرێک دیزاینکران کە پەرلەمان نەوەک ناتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات و ببێتە مەرجەعی باڵاو پارێزەری خەڵک و کیانی هەرێمی کوردستان و چاودێر بەسەر حکومەتەوە، تەنانەت توانای ئەوەی نییە کۆبوونەوەی یەکەمی ئاسایی خۆی بەڕێوەبەرێت و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت بۆیە پەرلەمانی لەوجۆرە شایستەی خەڵکی کوردستان نییە" عومەر گوڵپی وادەڵێت.
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەست هێنا، دواى هەڵبژاردنەکە ڕایگەیاند "ساختەکاریى گەورە ئەنجام دراوە و هەڵبژاردنەکە دیزاینکراو بووە". دواتریش بڕیارى دا بەشداریى ئەم خولەى پەرلەمان نەکات.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ ئەنجام درا، پەرلەمانیش لە ٠٢-١٢-٢٠٢٤ یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجام دا و لەو کاتەوە کۆبوونەوەکە بە کراوەیى هێڵدراوەتەوە، بەهۆى ئەوەى پارتى و یەکێتى کە براوەى یەکەم و دووەمى هەڵبژاردنن و لە گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەت بەردەوامن، تا ئێستا لەسەر پێکهێنانى حکومەت نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.