وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە ئەنجامەكانی پۆلی 12 ژمارەیەك بڕیاری دەركرد

25-05-2025 11:16

پەرەگراف

لیژنەی باڵای هەمیشەیی تاقیكردنەوە گشتییەكانی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی"، بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئەنجام نادەن و ناوی یەكەمەكان ڕاناگەیەنن، هیچ جۆرە مەراسیمێكی فەرمیى خەڵاتكردنیش ئەنجام نادەن و بەشداریی لە هیچ مەراسیمێکى دیکەشدا ناكەن.

بەپێی نووسراوێك كە لیژنەكە ڕۆژی 25-05-2025 ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەی كردووە، ئاگاداریان دەكاتەوە كە هەر جۆرە سەرپێچییەكی ئەو بڕیارانە لەلایەن پەروەردە و قوتابخانەکانەوە ڕوو بدات، سەرپێچیكار ڕووبەڕووی ڕێكاری كارگێڕی و یاسایی دەكاتەوە.

لیژنەی باڵای هەمیشەیی تاقیكردنەوە گشتییەكان ڕایشیدەگەیەنێت کە "بنەماى هەڵسەنگاندنى (قوتابخانە و مامۆستاکان) دەگۆڕێت بۆ شێوازێکى زانستییانەتر"، کە لە دوو خاڵدا ڕوونى کردووەتەوە.

بەپێى بنەماکەى وەزارەتى پەروەردە، ڕێژە و تێکڕاى نمرەى دەرچوونى قوتابیانى هەر قوتابخانەیەک دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى خولى دووەم، نمرەکان دەبێتە پێوەر بۆ دیاریکردنى ئاستى زانستیى قوتابخانە و خوێندنگەکە. هەروەها نمرەى پێوانەیى و تێکڕاى ژمێرەیى هەر بابەتێک لە بابەتەکانى پۆلى ١٢، دەبێت بە بنەماى هەڵسەنگاندنى مامۆستاى وانەکان.