دەرگای پێشکەشکردنی لیستی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرایەوە

25-05-2025 11:10

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدانی کردەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە  بڕیارە لە 11-11-2025 بەڕێوە بچێت و پڕۆسەکە تاوەکو ٢٤-٦ بەردەوام دەبێت، کەسی سەربەخۆ پێویستی بە پاڵپشتیی ٥٠٠ دەنگدەرە تابتوانێت خۆی کاندید بکات.

مەروان محەمەد بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند، پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان لە ڕێگای بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت، نوێنەری حیزبەکان پێویستە سەردانی بارەگای پارتەسیاسییەکان بکەن لە ئۆفیسی کۆمسیۆن لە بەغداد بۆ وەرگرتنی کۆدی تایبەت، کاندیدی تاکەکەسیش سەردانی ئۆفیسی هەڵبژاردن لە پارێزگاکان بکات بۆ هەمان مەبەست.

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆن وتیشی "کاندیدی تاکەکەس پێویستە لەسەر ئاستی بازنەی هەڵبژاردنەکەی خۆی 500 دەنگدەر پاڵپشتیی بکات و لە ڕێگەی بەرنامە ئەلیکترۆنییەکەوە داتاکانیان داخڵ بکات کە ناویان لە لیستی تۆماری دەنگدەران هەبێت".

مەرجەکانی خۆکاندیدکردن، کەسەکە عێراقی بێت و شایستەیی تەواوی هەبێت، ٣٠ ساڵی تەواوکردبێت و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت،

لیستی کاندیدانی حیزب و هاوپەیمانییەکان دەتوانن بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ کاندیدەکانیان بڕوانامەی ئامادەیی و دبلۆمیان هەبێت.

هەروەها دەبێت کاندید خاوەن ڕەفتاری باش بێت و بەتاوانی ئابڕووبەری یان گەندەڵی دارایی و ئابووری سزا نەدرابێت، هەروەها کاندید نابێت لەڕیزی هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان بێت، نابێت دادوەر بێت و لەکارەکەی بەردەوام بێت، نابێت ئەندامی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان بێت لەم خولە و خولی پێشووتر.