پەرەگراف
كۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی دەستی پێ كرد. زۆرینەی ئامادەبووان لە ئاراستەی كوردساتن و ئەو ئاراستەیە دەیەوێ هەر ئەمڕۆیش ڕێكخەری گشتی هەڵبژێرێت، بەڵام ئاراستەی گردی زەرگەتە پرۆژەی جیاوازی هەیە و هەڵبژاردنی ڕێكخەر لەناو كۆنفرانسەكە ڕەت دەكاتەوە.
سەدان ئەندامی بزووتنەوەكە كە ناویان لەناو لیستی دەستەی گشتیدایە، ئامادەی كۆنفرانسەكەن و دوو ئاراستەكەی گۆڕان لەناو هۆڵەكەدا بە جیا دانیشتوون. بەپێی زانیارییەكای پەرەگراف كە لە سەرچاوەیەكی ناو هۆڵەكە دەستی كەوتووە، زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو لە ئاراستەی گۆڕانی كوردساتن.
بڕیارەكان لە كۆنفرانسی ئەمڕۆی گۆڕان بە زۆرینەی دەنگ یەكلا دەكرێتەوە. هەردوولا پرۆژەی تایبەتیان هەیە و دەخرێتە دەنگدانەوە، پرۆژەی هەرلایەك دەنگی زیاتری بەدەست هێنا ئەوە جێبەجێ دەكرێت.
كۆنفراسەكە بە سەرپەرشتیی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و بە ئامادەیی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
بەر لە كۆنفرانسەكە، ئاراستەی كوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەمانەوێت ڕێكخەری گشتی لەناو هەموو ئەندامانی كۆنفرانس هەڵبژێردرێت و یەك كاندیدیشمان هەیە كە دانا ئەحمەد مەجیدە".
باڵی زەرگەتەی بزوووتنەوەی گۆڕانیش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێمە خانە و ڕێكخەرمان وەك خۆی هێشتووەتەوە لە دوای كۆنفرانس هەڵدەبژێردرێن".