ماركۆ ڕۆبیۆ: پاڵپشتیی ئەمریكامان بۆ هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و خۆڕاگر دووپات كردەوە

24-05-2025 10:15

پەرەگراف

ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، پاڵپشتیی ئەمریكای بۆ "هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و خۆڕاگر" دووپات كردووەتەوە، ئەوەش بە "گرنگ بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە" وەسف دەكات.

ڕۆبیۆ لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس وا دەڵێت. بەر لەوەش هەر ئەمڕۆ، تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە کۆبوونەوەى لەگەڵ مەسرور بارزانى، ستایشی سەرۆكوەزیرانی هەریضمى کوردستانى كردووە بۆ "یەكلاكردنەوەی گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان، بۆ فراوانكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لەبارەى گرێبەستە نوێیەکانى حکومەتى هەرێم بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانى غازى سروشتى لە هەرێمی كوردستان دەشڵێت "یارمەتیی عێراق دەدات بەرەو سەربەخۆیی وزە هەنگاو بنێت".

"مارکۆ ڕۆبیۆ پشتیوانیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی دووپات كردەوە بۆ هەرێمی كوردستانێكی عێراقی بەهێز و خۆڕاگر، وەكوو كۆڵەكەیەكی بنەڕەتیی ئەو پەیوەندییەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ عێراق هەیەتی"، تامی برووس وا دەڵێت.

كۆبوونەوەكە ئێوارەی دوێنێ‌ هەینی 23-05-2025 لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بەڕێوە چوو. مەسرور بارزانی دەڵێت "لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەختمان لە گرنگیی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-توركیا كردەوە".

"چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری هەمەچەشنكردنی ئابووری و گرنگیی دابینكردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێم، بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانمان بوو"، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.