لەسەدا ٦٤ی کارەبای هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای ئەمەریکییەوە بەرهەمدێت

22-05-2025 02:38

پەرەگراف

وەزیری سامانە سروشتییەکان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە وزەی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ڕایگەیاند، تەنها لەسەدا ٥٠ی گازی پێویستیان لەبەردەستدایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەباو داوای لە حکومەتی عێراق کرد فشارەکانی لەسەر گرێبەستە گازییەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ڕابگرێت و دەڵێت سوودی بۆ عێراقیش هەیە.

کەمال محەمەد لە پانێڵێکی کۆنفرانسەکەدا وتی، ئێستا ٦٥٠ ملیۆن پێ سێجا گازمان لەبەردەستدایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان کە بەشێکی دەدرێتە عێراق، تەنها هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەزارو ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا گازەو لە ئێستادا تەنها لەسەدا ٥٠ی ئەو گازە لەبەردەستدایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

"ئێستا زیاتر لە ٨ هەزار مێگاوات کارەبامان هەیەو لەو بڕە ٥٢٥٠ مێگاوات لە ڕێگای کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلەکتریکی ئەمەریکی بەرهەمدێت کە لەسەدا ٦٤ی کارەبای هەرێم دەکات"، وەزیری سامانە سروشتییەکان وتیشی، هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەبارەی ڕێککەوتنە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان "جێی داخە".

کەمال محەمەد وتیشی: عێراق گازی زۆر کەمەو گازی کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ عێراق بەتایبەت بۆ کارەبا، "داوا دەکەین حکومەتی عێراق فشارەکانی ڕابگرێت لەسەر گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان و گرێبەستەکان دژی هیچ لایەک نین و بۆ بەهێزکردنی هەرێمی کوردستانە".

وەزیری سامانە سروشتییەکان داوایشی لە حکومەتی ئەمەریکا کرد بە جددی بێتەسەرخەت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣وە ڕاگیراوە.

هەربە ئامانجی زیادکردنی کارەبای هەرێم، کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیکتریکی ئەمەریکی لە ٢٧-٤-٢٠٢٥ گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای تۆڕەس ئینێرجی واژۆکرد بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە نوێترین شێوازی سەردەم لە وێستگەی بازیان لە سلێمانی.

کۆمپانیا ئەمەریکییەکە نوێترین داهێنانی سەردەم بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی کارەبای وێستگەی بازیان بە بڕی هەزارو ٢٥٠ مێگاوات بۆناو تۆڕی کارەبای نیشتیمانی لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٦دا.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لە مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا ڕایگەیاند، کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیکتریک توانیویەتی نوێترین داهێنان لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا بهێنێتە کوردستان، "سلێمانی دەکەنە یەکەم شوێن لە جیهاندا کە  ئەم سیستمەی تێدا بەرکار دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی ژێرخانی کارەباو گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و ئابوریی کوردستان".

تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەرگای بەڕووی کۆمپانیا گەورەکانی جیهاندا کراوەیەو دەرفەتی وەبەرهێنان زۆرەو هەموو کارئاسانییەکیان بۆ دەکەن، وتیشی "بەم گرێبەستە دەتوانرێت کارەباى یەک لەسەر سێى هەرێمى کوردستان بەرهەمبهێنرێت و بەوەش نزیکدەبینەوە لەوەی بگەین بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی".

جێگری سەرۆکوەزیران هیوایشیخواست، لە داهاتوودا هێندە کارەبا بەرهەمبهێنرێت کە نەک بەشى پێداویستى ناوخۆ، بەشى شارەکانى عێراق بدەن و هەناردەى دەرەوەشى بکەن.