پەرەگراف
پارێزگاری سلێمانی لە کۆڕبەندی دێڵفی ڕایگەیاند، زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەسەر ئاستی عێراق لە سلێمانییەو زیاتر لەسەدا ٥٠ی پارەی چاپکراوی عێراق لەو شارەیە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، لە وتارێکدا ئەوەی خستەڕوو، دەرفەتەکان لە سلێمانی و هەوڵەکان بۆ پێشخستنی شارەکە زۆرن و داوای لە نوێنەرانی وڵاتان لە کۆڕبەندەکە کرد سلێمانی هەڵبژێرن بۆ وەبەرهێنان و هانی کۆمپانیاو سەرمایەدارانیان بدەن بۆکارکردن و ئەنجامدانی پڕۆژە لەو شارە.
"لە بواری وزەدا توانایەکی زۆر باشمان هەیە. زۆرترین زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق و ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی لە سلێمانییە" پارێزگار وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، کەمترین ڕێژەی بێکاریی لە سەر ئاستی عێراق لە سلێمانییەو زۆرترین هەمەجۆریی وەبەرهێنانیش لە سێکتەرە جیاوازەکان هەر لەوشارەیە.
کۆڕبەندی دێڵفی یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان و کەسایەتیی جیهانی، بە چاودێریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران دوێنێ لە سلێمانی دەستی پێکرد و ئەمڕۆ کۆتایی دێت، تێیدا تاوتوێی بوارەکانی ئاسایش، وزە، هەمەچەشنیی ئابووری و دواپێشهاتەکان دەکرێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان.