سەرۆککۆمار: ئەولەوییەتی کاری من دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکە بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز

19-05-2025 11:43

پەرەگراف

سەرۆککۆماری عێراق پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاند بە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و بۆئەوەش کاردەکات بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق.

د.لەتیف ڕەشید لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ لە دووەمین ڕۆژی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی پێشکەشی کرد، وتی "ئەولەوییەتی کاری من دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکە بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق کە دەبێتەهۆی چارەسەرکردنی سەرچاوەی ناکۆکییەکان بۆئەوەی سەرچاوەکانی داهات سوودی بۆ هەموو عێراقییەکان هەبێت".

دۆسیەی نەوت و گاز و داهات لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێرو بەغدان، بەوپێیەی تائێستا لە عێراق یاسای نەوت و گاز دەرنەچووە، هەرێمی کوردستان کار بە یاسای نەوت و گازی خۆی دەکات کە ساڵی ٢٠٠٧ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووەو گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەپێی ئەو یاسایە کراون.

ئەوە لەکاتێکدایە دادگای فیدراڵی عێراق لە 15ی شوباتی 2022 یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007ی بە نادەستوری لە قەڵەمداو هەڵیوەشاندەوە، لەكاتێكدا تەواوی سیاسەتی نەوتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە داڕێژراوە، كە پشت بە چەند ماددەیەكی دەستوری عێراق دەبەستێت.

بەشێكی دیكەی بڕیارەكەی سێ ساڵ لەمەوبەری دادگای فیدراڵی، تایبەت بوو بە رادەستكردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو بە حكومەتی فیدراڵی، پێدانی دەسەڵات بە بەغدا بۆ پێداچوونەوەو چاودێریی پوچەڵكردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوت.