قوباد تاڵەبانى دەربارەى هەژمارى من، پرۆژەى ڕووناکى، پێکهێنانى حکومەت و یەکلیستى قسە دەکات

18-05-2025 02:29

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند كە لە هەرێمی كوردستان و كەركووكیش پارتی و یەكێتی بە لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن. لە وەڵامی مەسعود بارزانییشدا كە وتی "حكومەت 50 بە 50 پێك نایەت"، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "ڕێزم بۆ جەنابی كاك مەسعود هەیە، بەڵام زۆر دەمێكەیە حكومەتی 50 بە 50 پێكنەهاتووە، ئیتر نازانم بۆ ئەم مەوزوعە هەر باس دەكرێتەوە؟!".

قوباد تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و دەربارەی پرۆژەی هەژماری من ڕایگەیاند "تێبینییەكی زۆر لەسەر هەژماری من هەبوو، خۆشبەختانە تێبینییەكان یەكلا بوونەتەوە و پڕۆژەكە دەستبەكار دەبێت".

سەبارەت بە پرۆژەی ڕووناكی (كارەبای 24 كاتژمێری)، جێگری سەرەۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "موەلیدە ئەهلییەكان بە نرخێكی ئێجگار زۆر كارەبا بە هاووڵاتیان دەدەن، ئەگەر نرخی پێشووی كارەبای نیشتمانی و كارەبای موەلیدە بەراوردی بكەیت بەو نرخەی ئێستا لە پرۆژەی ڕووناكی هەیە، پێم وایە ئەم پرۆژەیە لە بەرژوەندیی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت دەبێت".
"بۆ ئێمەومانان كە ماڵمان گەورەترە و كارەبای زۆرتر سەرف دەكەین، پارەیەكی زۆرتر دەكەوێتە سەر شانی ئێمە".