قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی: چاکسازیی ئابوری جێبەجێ دەکەین بە ئامانجی هەمەچەشنکردن و ڕاکێشانی وەبەرهێنەران

18-05-2025 12:29

پەرەگراف

کۆڕبەندی دێڵفی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان و کەسایەتیی جیهانی، بە چاودێریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لە سلێمانی دەستی پێکرد و تاوتوێى پرسە ئابورییەکان و گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە دەکرێت.

کۆڕبەندەکە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و تیایدا تاوتوێی بوارەکانی ئاسایش، وزە، هەمەچەشنیی ئابووری و دواپێشهاتەکان دەکرێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان.

قوباد تاڵەبانی لە وتارێکدا بەستنی کۆڕبەندەکەی لە سلێمانی بە گرنگ و مایەی شانازیی ناوبرد، ئەوەی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان وەک پردێک لە ناوچەکەدا ڕۆڵی چالاکی گێڕاوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری کێشەکان.

تاڵەبانی وتیشی "چاکسازیی ئابوری جێبەجێ دەکەین بە ئامانجی هەمەچەشنکردن و بەهێزکردنی گەنجان و ژنان و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی درێژخایەن لە وزەو گەشتیاریی بۆ کشتوکاڵ و تەکنەلۆجیا، سلێمانی پڕە لە تواناو  ئامادەین هاوبەشی بکەین لەگەڵ ئەوانەی دیدگای ئێمەیان هەیە بۆ گەشەپێدانی گشتگیرو بەردەوام".