پەرەگراف
نێچيرڤان بارزانى لە کۆڕبەندی (تاران بۆ گفتوگۆ) ستایشی ئێران و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردو ڕەخنەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد گرت و عێراقی بەوە تۆمەتبارکرد کە پابەندی دەستوور نییەو سیستمی فیدراڵی جێبەجێ ناکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەشداریکردن لەو کۆڕبەندە لە ئێرانە، ئەمڕۆ لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەی کردو هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو.
نێچیرڤان بارزانی وتی "پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، ئەم پەیوەندییانە رۆژ دوای رۆژ گەشە دەکەن. ئێران یەکەم وڵات بوو لە کاتی شەڕی داعش یارمەتیی هەرێمی کوردستانی دا."
سەرۆکی هەرێم لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد وتی "بەغداد لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا ناکات. بەغداد دەبێت پرسی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات. عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە بەپێی دەستوور بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع وانییە، پێویستە بە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر ئەم پرسە چارەسەر بکەین".
سەرۆکی هەرێم جارێکی دیکە پشتیوانی بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو چارەسەری پرسی کورد دووپات کردەوەو وتی "پرۆسەیەک لە تورکیا دەستی پێکردووە، پرسی کورد بە شەڕ و خوێن چارەسەر ناکرێت. ئێمە یارمەتیی پرۆسەکە دەدەین، نەک دەستوەردان بکەین. ئەم پرۆسەیە جدییە."