پەرەگراف
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا گەیشتە واشنتن. لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا گفتوگۆ دەربارەی "ئایندەی كەرتی وزەی هەرێم، هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا و پێشهاتەكانی ناوچەكە" دەكات.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا سەبارەت بە سەردانەكە دەڵێت "بڕیارە سەرۆكی حكومەت زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی ئەمریكا و كۆنگرێس ئەنجام بدات. هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنكارانی ئەمەریكی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی دەكات".
بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، تەوەرێكی سەرەكیی گفتوگۆكانی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا، تایبەتە بە "پتەوكردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی و هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا".
"دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە"، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی مەسرور بارزانی و بەرپرسانی ئەمەریكا دەبێت.
هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداری لە گفتوگۆیەكی تایبەتی كۆڕبەندی وزە لە واشنتن دەكات بە ناونیشانی (داهاتووی وزە لە هەرێمی كوردستان).
حكومەتی هەرێم دەڵێت "لە كۆڕبەندەكەدا ڕوانین و دیدگای هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە دەخاتە ڕوو و تیشك دەخاتە سەر دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لەم كەرتەدا".