پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێك گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. سبەینێ بەشداریی (دیداری تاران بۆ گفتوگۆ) دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەیش لەوانە سەرۆككۆمار، كۆدەبێتەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستن بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی دیدارەكە كراوە و پاش گەیشتنی، سەید موسا عەلیزادە تەباتەبایی، بەرپرسی بەشی كەنداوی فارس لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازیی لێ كرد.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئامانجی سەردانەكەوە دەڵێت "دووپاتكردنەوەی پشتگیریی هەرێمی كوردستانە بۆ هەوڵەكانی گفتوگۆ و بەهێزكردنی هاوكاریی بنیاتنەری نێوان وڵاتان و گەلانی ناوچەكە، لەپێناو ئارامی و سەقامگیری، یەكترتەواوكردنی ئابووری و پێكەوەژیانی ئاشتییانەدا".
بەپێی كارنامەی دیدارەكە، نێچیرڤان بارزانی لە پانێڵێكدا تیشك دەخاتە سەر "دیدگای هەرێمی كوردستان بۆ داهاتووی ناوچەكە و جەخت لە هاوبەشی لەسەر بنەمای ڕێزلەیەكگرتن و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، دەكاتەوە".
سەرۆكایەتیی هەرێم دەشڵێت "هەر لە میانی سەردانەكەیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەركردە و بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆدەبێتەوە و پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و دۆخی ناوچەكە بەگشتی، تاوتوێ دەكەن".