ئەردۆغان: لەگەڵ بەغدادو هەولێر لە گفتوگۆداین سەبارەت بە چۆنیەتی ڕادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە

17-05-2025 12:18

پەرەگراف

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان سەبارەت بە چۆنیەتی چەکدانانی پەکەکەو جەخت دەکاتەوە کە "دەبێت چەکەکان بنێژرێن".

ئەردۆغان ئەمڕۆ لەناو فڕۆکەکەیدا لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەلبانیا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و وتی "گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێمان دەکرێت سەبارەت بە چۆنیەتی ڕادەستکردنی چەکی تیرۆریستان لە دەرەوەی سنوورەکانمان. پلان هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریکردنی ئیدارەی بەغداد و هەولێر لەم پڕۆسەیەدا".

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە کە "ئامانجمان تورکیایەکی بی تیرۆرە. دەبێت چەکەکان بنێژرێن و رێکخراوی تیرۆریستی بەتەواوی چەکەکانی دابنێت و بڕیاری خۆهەڵوەشاندەوە جێبەجێ بکات".

لێدوانەکەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، دوێنێ کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - کە چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکەیە) ڕەتى کردەوە لەم کاتەدا کە مەوداى نێوان گەریلاکانیان و سەربازانى تورکیا "٥٠ بۆ ١٠٠ مەترە"، چەک دابنێن و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیان چۆڵ بکەن.

 زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، ڕایگەیاند، بڕیارەکانى کۆنگرەى ١٢ـى پەکەکە بە ماناى دەستپێکردنى پرۆسەى ئاشتى نایەت و وتی "کەس باسى دانان و ڕادەستکردنی چەکى نەکردووە و پرۆسەى ئاشتییش هێشتا دەستى پێ نەکردووە".

زاگرۆس هیوا، وتیشی "گەریلا تا ئێستا بە خەباتی چەکداری ئاسایشی دێژخایەنی دابین دەکرد، لەمەبەدوایش بە بێدەنگکردنی چەکەکان نەک چۆڵکردنی هەرێمەکان، ئەم ئاسایشە زیاتر دەستەبەر دەکات".

باسى "دانان و ڕادەستکردنى چەک" نەکراوە

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ (ستێرک تیڤی)ـى سەر بە پەکەکە  وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ڕایگەیاند "ئەو بڕیارەى لە کۆنگرەى ١٢ـى پەکەکەدا دراوە، وەکوو کۆتاییهێنان بە شێوازى خەباتى چەکدارى پێناسە کراوە، کەس باسى دانان و ڕادەستکردنى چەکى نەکردووە"

زاگرۆس هیوا ئاماژە بەوە دەکات کە "ئێستا زەمینەی چەکدانان لەئارادا نییە، لەبەر ئەوەى هێشتاش تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانى دژی گەریلا بەردەوامە و مەودای نێوان گەریلاکان و سەربازانی تورک ٥٠ بۆ ١٠٠ مەترە"، دەشپرسێت "لە دۆخێکی وەهادا چۆن دەبێت مرۆڤ چەک دابنێت؟!".

بەرپرسەکەى کەجەکە ڕایدەگەیەنێت "بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین، پێویستە باسی پاشەکشێی سوپای داگیرکەری تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان بکەین".

پرۆسەى ئاشتى دەستى پێ نەکردووە

وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە جەخت دەکاتەوە کە "هێشتا زووە بۆ ئەوەى ئەم دۆخەى هاتووەتە ئاراوە وەکوو پرۆسە (پرۆسەى ئاشتى) پێناسە بکرێت" و دەڵێت "باشتر وایە وەکوو قۆناغ و بڕیارى سەردەمێکى نوێ بۆ تێکۆشان لەپێناو ئاشتى و سۆسیالیزمى کۆمەڵگاى دیموکراتیک" پێناسە بکرێت، بڕیارى "خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتى چەکدارى"یش لەلایەن کۆنگرەى ١٢ـى پەکەکەوە لەو چوارچێوەیەدا بووە.

زاگرۆس هیوا دووپاتى دەکاتەوە کە "دانوستان بۆ پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستی پێ نەکردووە". وەکوو ئەو دەڵێت "هێشتا هەردوولا (پەکەکە و دەوڵەتى تورکیا) لەسەر ناوى پرۆسەکە هاوڕا نین" و دەشڵێت "دەوڵەتی تورکیا هێشتاش دەستەواژەی تیرۆر بۆ پرۆسەکە بەکار دەهێنێت، چۆن دەتوانیت لە لایەک باسی ئاشتی بکەیت و لە لایەکی تریش زمانێک بەکار بهێنیت کە هەست و دەروون و ویژدانی گەلی کورد بریندار دەکات".

"بۆ ئەوەی پرۆسەیەک بە ناوی ئاشتی دەست پێ بکات، پێویستە سەرەتا زیهنییەتی دەوڵەتی تورک بگۆڕدرێت، ئەو زیهنییەتەی کە کورد وەک تیرۆرست دەبینێت"، زاگرۆس هیوا وا دەڵێت.

پێویستە ئۆجەلان ئازاد بکرێت

بەرپرسەکەی کەجەکە وەکوو پێشمەرجی پرۆسەی ئاشتی، ڕایدەگەیەنێت "پێویستە ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە) بە فیزیکی ئازاد بکرێت، لە کەشێکی ئازادانە و تەندروستدا کار و خەبات بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکات".

بە قسەی وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، ئۆجەلان و پەکەکەش لە ٢٧ـی شووباتەوە تاوەکو ئێستا، "سێ جار نیازپاکیی خۆیان ڕاگەیاندووە و هەنگاوی تاکلایەنەیان ناوە"، بۆیە دەڵێت "ئەگەر بەڕاستی دەوڵەتی تورکیا ئاشتdی دەوێت، پێویستە ڕژێمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمڕاڵی بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، هەموارکردنی یاسایی و دەستووری بکات بەشێوەیەک کە کورد مافی هاووڵاتیی یەکسان و ئازادی لە تورکیادا هەبێت و وەک پلەدوو سەیر نەکرێت".

هێزەکانى باشوور ڕووى داواکارییەکانیان لە تورکیا بکەن

وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ڕوو لە هێز و لایەنە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان دەڵێت "پێویستە بەر لەوەى هەوڵ بدەن خۆیان بکەن بە قارەمانى پرۆسەکە (پرۆسەى ئاشتى)، هەوڵ بدەن بە شێوەیەکى حەقیقى بەشدارى لە پرۆسەکە بکەن".

داوایان لێ دەکات "بوێرانەتر" داواى ئازادکردنى عەبدوڵڵا ئۆجەلان و داواى چارەسەرى کێشەى کورد لە باکوورى کوردستان بکەن. 

"پێوستە لەبرى ئەوەى پەیتا پەیتا بانگ لە پەکەکە بکەن و بڵێن هەرچى زووترە چەک دابنێ و خۆت ڕادەست بکە، ڕوو لە ڕژێمەکەى تورکیا و ئەردۆغان بکەن و بڵێن هەرچى زووترە هەموارکردنى یاسایى و دەستوورى بکات بۆ دەستبەرکردنى ماف و ئازادییەکانى کورد، بۆ کشاندنەوەى هێزەکانى لە باشوورى کوردستان، بۆ هەڵوەشاندنەوەى تۆڕى سیخوڕى و تیرۆرى تورکیا لە باشوورى کوردستان"، زاگرۆس هیوا وا دەڵێت.

وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە  پێیشى وا یە کە "بە خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکە، دەرفەتێکى مەزن بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەى گوتارى سیاسیى باشوورى کوردستان دروست بووە".