پەرەگراف
عێراق سەرۆکایەتی ٣٤هەمین کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی دەکات کە ئەمڕۆ لە بەغداد دەستی پێکرد بە بەشداریی سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی، لوتکەکە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکانی ناوچەکە بەتایبەت دۆخی غەززەو هێرشەکانی ئیسرائیل.
لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە وتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە توانای عێراق بۆ میوانداریکردنی لوتکەکە "سەرەڕای ئاستەنگ و پێشهاتە ناوچەییەکان" بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی بە یەکێتیی عەرەبی.
سەرۆککۆمار باسی لە بەردەوامیی شەڕی غەززە کرد، بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کردو بە "جینۆسایدی گەلی فەلەستین" وەسفی کرد. داوایشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانی خۆیان بۆ دۆزی فەلەستین چڕتر بکەنەوە.
لەتیف ڕەشید ئاوارەبوون و گواستنەوەی فەلەستینییەکانی لە ژێر هەر بارودۆخ و ناوێکدا ڕەتکردەوەو پابەندبوونی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە رێگای ئاشتییانە و گفتوگۆ.
هاوکات محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا لە لوتکەکە، ڕایگەیاند، 20 ملیۆن دۆلار بۆ غەززە و 20 ملیۆن دۆلار بۆ لوبنان تەرخان دەکەن و ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد، وتیشی: دژی راگواستنی زۆرەملێی خەڵکی غەززەین. داوای کردنەوەی دەروازەی رەفەح دەکەین بۆ گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی.
سوودانی پشتیوانی بۆ یەکێتی خاکی سوریاو پاراستنی سەروەریی ئەو وڵاتە دەربڕی و دژی هەر هێرشێک بۆسەر ئەو وڵاتە وەستایەوە.