مەسعود بارزانی بۆ بەغداد: ناردنی مووچە وەک مانگەکانی ڕابردوو قبوڵ ناکەین

15-05-2025 09:27

پەرەگراف

مەسعود بارزانی داوای چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕووەو حکومەتی عێراق دەڵێت، ناردنی مووچە وەک مانگەکانی ڕابردوو قابیلی قبوڵ نییەو ئەوە "ئیهانەیە" بە خەڵکی کوردستان و ميژووەکەی، دەشڵێت "بۆ ئێمە دەرۆزەچین لە بەردەرگای ئەوان؟".

بارزانی لە وتارێکدا لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی سەربە حیزبەکەی، ڕەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی بەغداد بەرامبەر هەرێم گرت و وتی "ئەگەر مەبەست ئەوەیە فیدراڵییەت نەماوە، با بە سەراحەت پێمان بڵێن ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە. ئەو کاتە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی ناکات، بڕیاری خۆی دەدات. بەڵام مامەڵەی ئێستای لەگەڵ هەرێم دەکرێت، هی فیدراڵییەت نییە".

سەرۆکی پارتی جەجتی لە هەر سێ بنەمای "شەراكەت و تەوازون و تەوافوق" کردەوەو وتی "ئەگەر ئەوە نەکرێت، پێم وا نییە دۆخی عێراق سەقامگیر ببێت."

هاوکات لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، مەسعود بارزانی داوای لە پارتی و یەکێتی کرد هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە هەرچی زووە حکومەت پێکبهێنن، وتیشی "دەبێت حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و یەک هێزی پێشمەرگە پێک بهێنرێت، ئەگەر وانەبێت پێکنەهێنرێت باشترە".

بارزانی جختی لەوەش کردەوە "حکومەتی داهاتوی هەرێم لەسەر بنەمای 50 بە 50 پێک ناهێنرێت".