نرخی كارەبای ٢٤ كاتژمێری دیاری كرا؛ كەمترین ٧٢ و زۆرترین ٣٥٠ دینارە

14-05-2025 01:20

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ڕەشنووسی بڕیارێكی سەبارەت بە پڕۆژەی ڕووناكی (كارەبای ٢٤ كاتژمێری) پەسەند كرد. كەمترین نرخی یەك كیلۆوات كارەبا ٧٢ دینار و بەرزترین نرخ ٣٥٠ دینارە.

بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم، لە سێ مانگی سەرەتای بەكارهێنانی كارەبای پڕۆژەی ڕووناكی، داشكاندن بە ڕێژەی ١٥% و ٢٥% و٥٠% بۆ بەكارهێنەران دەكرێت.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "پلانی حكومەت ئەوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ پرۆژەكە لە سەنتەری هەموو شارەكان تەواو ببێت و دواتریش بەرەو ناوچەكانی تر درێژ ببێتەوە".

نرخی كارەبای ٢٤ كاژێری لە پرۆژەی ڕووناكیدا بەپێی بەكارهێنانی كیلۆوات بەم شێوەیە دیاری كراوە "لە ١ بۆ ٤٠٠ كیلۆوات= ٧٢ دینار، ٤٠٠ بۆ ٨٠٠ كیلۆوات= ١٠٨ دینار، ٨٠٠ بۆ ١٢٠٠ كیلۆوایت= ١٧٥ دینار، ١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠ كیلۆوات= ٢٦٥ دینار، ١٦٠٠ بۆ سەرەوە= ٣٥٠ دینار".

بەپێی نرخی كارەبای پرۆژەی ڕووناكی، ئەگەر هاوبەشێك لە مانگێكدا ٤٠٠ كیلۆوات كارەبا بەكار بهێنێت، دەبێت ٢٨ هەزار و ٨٠٠ دینار بدات، ئەگەر ٨٠٠ كیلۆوات بەکار بهێنێت، دەبێت ٧٢ هەزارت دینار بدات، هەروەها ١٢٠٠ کیلۆوات ١٤٢ هەزار دینار، ١٦٠٠ کیلۆوات ٢٤٨ هەزار دینار، ٢٠٠٠ هەزار کیلۆواتیش ٣٨٨ هەزار دینار دەکات.

نرخی کارەبا بۆ پرۆژەی كشتوكاڵی= ٦٠ دینار، هاوبەشانی پیشەسازیی گەورە= ١٢٥ دینار، میری= ١٦٠ دینار، بازرگانی= ١٨٥ دینارە.