پەرەگراف
ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی و کشتوکاڵ کۆبووەوەو پرسی ڕێگریکردن لە تای خوێنبەربوون و ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵییان تاوتوێ کرد و چەند بڕیارێکیان دەرکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە ئەم بڕیارانە دران:
-هەڵمەتێکی هۆشیاریی فراوان لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاند و سۆشیال میدیا و مینبەری مزگەوتەکان ناوەندە ئاینییەکان و ڕۆشنبیرییە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێتەوە بۆ چۆنیەتی خۆپارێزیی لە پەتای تای خوێنبەربوون و پاراستنی تەندروستی گشتی و بەفیرۆنەدانی ئاو و زێدەڕۆینەکردنی لە بەکارهێنانی.
-هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێدراون بە چاودێری کردنی سەرچاوەی هێنانی ئاژەڵ و بەرهەمەکانی دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، کە پێویستە لەو ناچانە بن سەلامەتن و حاڵەتەکانی تایخوێبەربوونی تیا بڵاو نەبووەتەوە.
-ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە تای خوێنبەربوون و وشکەساڵی لە ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێت، لێژنەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ چاودێری شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ و مەیدانی فرۆشتنی ئاژەلان دەکەن، کە پێویستە سەربڕینی ئاژەڵەکان تەنیا لە کوشتارگە فەرمییەکان بێت.
- سەبارەت بە وشکەساڵی بڕیاردراوە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ پتەوکردنی ژێرخان و پشتبەستن بەسێکتەرە ناوخۆییەکان بۆ چارەکردنی وشکەساڵی و ئیدارەدانی دۆسیەکانی ئاو و ئاودێری.
-ئامادەکردنی پلانێکی پێشوەختە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی و لێکەوتەکانی وشکەساڵی و کەمکردنەوەی ئەو زەرەر زیانانەی کە بەرکەرتی کشتوکاڵ دەکەوێت، هەروەها هەڵسەنگاندنی پێویست بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە و گەرتنە بەری هەنگاوی دروست.
-پارێزگار و سەرپەرشتی ئیدارە سەربەخۆکان و لیژنە تایبەتەکان ڕاسپێرردراون هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆ و زێرابەکان بۆ ئاودانی سەوزە و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.
-بەمەبەستی پاراستنی سامانی ژێر زەوی، پێویستە ڕێگری بکرێت لە لیدانی بیر، تەنیا لە حاڵەتە زۆر پێوستەکان نەبێت، ئەویش بەڕێگەی فەرمی.