ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانی و حزب و لیستە تاكەكەسییەكان بۆ هەڵبژاردن درێژ كرایەوە

13-05-2025 09:56

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانی و حزب و لیستە ‏تاكەكەسییەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن درێژ كردەوە.‏

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پەرەگرافی ‏ڕاگەیاند "ماوەكە شەش ڕۆژی دیكە درێژ كراوەتەوە و تۆماركردن تا كۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی ‏‏20ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت".‏

وتەبێژی كۆمسیۆن دەڵێت "تا ئێستا 335 حزب كە مۆڵەتیان پێ دراوە و 66 هاوپەیمانی، لای ‏كۆمسیۆن خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن تۆمار كردووە".‏

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە 11-11-2025 بەڕێوە بچێت. حكومەت و ‏كۆمیسیۆن و سەرجەم لایەنە عێراقییەكان جەخت لە بەڕێوەچوونی لە وادەی خۆیدا دەكەنەوە.‏

كۆمسیۆن لە ڕۆژی 15ـ-04-2025 دەرگای تۆماركردنی ناوی حیزب و هاوپەیمانێتی و لیستە ‏تاكەكەسییەكانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەی 20 ڕۆژ كردەوە، دواتر وادەكەی لە ‏‏4ـی ئایار بۆ 14ـی ئایار درێژ كردەوە، ئەمڕۆش بۆ دووەم جار وادەكەی تا 20ـی مانگ درێژ ‏كردەوە كە پێدەچێت ئەمە كۆتا درێژكردنەوە بێت.‏
‏ ‏
پێشتریش كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی ‏دەنگدەرانی بۆ یەك مانگی دیكە درێژ كردەوە. نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران تا 25-05-2025 ‏بەردەوام دەبێت.‏