میدیای نزیک لە ئاکپارتی: پێنجشەممە لە هەولێر کۆبوونەوە لەبارەی چەکدانانی پەکەکە دەکرێت

12-05-2025 10:04

پەرەگراف

میدیایەکی نزیک لە پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا-ئاکپارتی- زانیاریی لەبارەی چەکدانانی پەکەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، پێنجشەممەی داهاتوو لە هەولێر کۆبوونەوە لەوبارەیەوە دەکرێت لە نێوان سوپاو میتی تورکیاو بەرپرسانی باڵای پەکەکە بە بەشداریی حکومەتی هەرێم.

فاتیح ئاتیک، بەرپرسی ئۆفیسی ئەنقەرەی کەناڵی تەگەرەتە هەبەر، دەڵێت، ئەمڕۆ بەدواداچوونم کردووە و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستم کەوتووە ڕۆژی پێنجشەممە لە هەولێر کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی چەکداماڵین و لیژنەیەک پێکدەهێنرێت لە ئەفسەرانی سوپای تورکیا و ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگری تورکیا(میت)، هەروەها نوێنەری حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبێت و بەرپرسانی باڵای پەکەکەش بەشدار دەبن، دوای ئەو کۆبوونەوەیە بەپێی پلان پڕۆسەکە دەستپێدەکات.

هەر ئەمڕۆ دوای ڕاگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانان لەلایەن پارتی كرێكارانی ‏كوردستان (پەكەكە)وە، میدیای توركیا شوێنی پرۆسەی ڕادەستكردنی چەكی ‏لەلایەن گەریلاكانی پەكەكەوە ئاشكرا کرد‎.‎

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە پەكەكە كە لێدوانیان بۆ كەناڵی سی ئێن ‏ئێن تورك داوە، پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە دەست پێ دەكات، چەكەكانی ‏پارتەكە لەژێر چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكاندا و بە چاودێریی چاودێرانی ‏نێودەوڵەتی ڕادەست دەكرێن و داماڵینی چەك بە سێ قۆناغ دەبێت‎.‎

وەكوو میدیا توركییەكان ئاشكرایان كردووە، گەریلاكانی پەكەكە لە ‏ئامێدی، كانی ماسێ، كۆیە، سەیدسادق و ڕانیە چەكەكانیان ڕادەست دەكەن.‏