پەرەگراف
سەلاحەدین دەمیرتاش لە كاردانەوەی بڕیارەكەی پەكەكەدا ڕایدەگەیەنێت "ئێستا كاتی ئەوەیە دڵسۆزانە و دەستلەناودەست كار بكەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و دیموكراسی و ئازادییەكان، بۆ گەشەكردنی توركیا لە هەموو ڕوویەكەوە".
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەروین بوڵدان، ئەندامێكی شاندی دەمپارتی بۆ ئیمراڵی، لە زیندانی ئەدیرنە سەردانی كرد، سەلاحەدین دیمرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا بەبۆنەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەوە سوپاسی سەركردایەتیی پەكەكەی كرد.
دەمیرتاش دەڵێت "بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لەم هەنگاوە مێژووییە دەكەین، كە هاوتەریب لەگەڵ یادەوەریی سری سوورەیا ئۆندەر نراوە، وەك هەنگاوێكی گەورە بەرەو پێشەوە".
هاوسەرۆكی زیندانیكراوی پێشووی هەدەپە هیوا دەخوازێت بڕیارەكە "خێر و بەرەكەت" بۆ هەموومان بهێنێتە ئاراوە. هەروەها سوپاسی ئۆجەلان، ئەردۆغان، باخچەلی، ئۆزێل، سەركردایەتیی دەم پارتی و بەتایبەتی ئەحمەد تورك و پەروین بوڵدان، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی دەكات.