لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە سلێمانی كۆبوونەوە؛ كۆمەڵ بەشداریی نەكرد

12-05-2025 03:15

پەرەگراف

بۆ سێیەم ڕۆژ كۆبوونەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە سلێمانی بۆ پێكهێنانی ‏هاوپەیمانی بەڕێوە دەچێت. جگە لە ڕەوتی هەڵوێست كە بە فەرمی كشاوەتەوە، ‏كۆمەڵی دادگەریش بەشداریی كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی نەكرد. بەرپرسێكی باڵای ‏حیزبەكە هۆكاری بەشدارینەكردنیان بۆ پەرەگراف ئاشكرا دەكات و دەشڵێت " ‏پرۆژە و پێشنیاری خۆمانمان هەیە".‏

پاش سێ ڕۆژ كۆبوونەوە، هێشتا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن، لەكاتێكدا تەنیا دوو ڕۆژ دەرفەت ماوە بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكان لە كۆمیسیۆن. كۆبوونەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆیش لایەنەكانی نەگەیاندە ئەنجامی كۆتایی و ڕێككەوتن.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری، بە پەرەگرافی ‏ڕاگەیاند "ئەمڕۆ بۆمان نەكرا بەشداریی كۆبوونەوەكە بكەین، مەشغەڵەتی ترمان ‏هەبوو، درەنگیش كاتی كۆبوونەوەكەیان پێ وتین".‏

سەرچاوەیەكی دیكەی باڵا لە كۆمەڵی دادگەری بە پەرەگرافی وت "بڕیار وا بووە شەوی ڕابردوو لە كات و شوێنی كۆبوونەوەكە ئاگادار بكرێینەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەك كاتژمێر پێش كۆبوونەوەكە پێیان وتووین".

عەبدولستار مەجید كە ئەندامی شاندی دانوستانكاری كۆمەڵە، جەختی كردەوە كە "هێشتا بە ‏ڕەسمی لە گفتوگۆكان نەكشاوینەتەوە"، بەڵام نەیشاردەوە كە دوای كشانەوەی ‏ڕەوتی هەڵوێست، "ئەو چوارچێوەیە نەما كە قەرار بوو حەوت لایەنی ئۆپۆزسیۆن ‏پێكەوە هاوپەیمانی پێك بهێنین"، بۆیە دەڵێت "دەبێت قسە لەسەر شتێكی نوێ‌ ‏بكەین".‏

عەبدولستار مەجید جەختی كردەوە "هەر هەوڵ و بابەتێكی نوێ‌ بێتە پێشەوە، ‏ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵ بڕیار لەبارەی بەشداری كردن یان نەكردنی دەدات". ‏هەروەها ڕایگەیاند كە "وەكوو كۆمەڵ پرۆژە و پێشنیاری خۆمانمان هەیە بۆ ‏دروستكردنی هاوپەیمانی".‏

زۆرینەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كە پێكهاتوون لە نەوەی نوێ‌، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری، ڕەوتی هەڵوێست، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی و چەند كەسایەتییەكی سەربەخۆ، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا كۆبوونەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لە دەرەوەی پارتی و یەكێتی، بەڵام شەوی ڕابردوو ڕەوتی هەڵوێست بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە گفتوگۆكان ڕاگەیاند.

عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پاش گفتوگۆی وردی هاوڕێیانمان لە لیژنەكاندا، بۆمان دەركەوت هیچ ئەجێندایەكی نیشتمانی بوونی نییە، دەركەوت خەڵكێك لەوكاتەی لەگەڵ ئێمە لە گفتوگۆدایە، لە عێراق گفتوگۆی بەشداری لە حكومەتدا دەكات، ئیتر چ بەهایەك بۆ هاوپەیمانێتییەكە دەمێنێتەوە؟".

عەلی حەمەساڵح وتیشی "كشانەوەی ڕەوتی هەڵوێست لە گفتوگۆكان ڕادەگەیەنین و ئێمە لەگەڵ كەسانێكدا ناچینە یەكلیستییەوە كە حەقی خەڵكی كوردستانیان لە گەردندایە و جێگەی متمانەی ئێمە و خەڵك نین".

"خەڵكانێك كە وەزعی جەماوەرییان خراپە، دەیانەوێت بە تاكتیكێك دەنگی ئەوانی تر ببات و دەنگی خۆی زیاد بكات، واتە ئیشەكە لەسەر ئەوەیە كێ دەنگی كێ زیاد دەكات، ئەی پرۆژەی سیاسی و نیشتمانی و ئەجێندای خەڵك كوا؟"، عەلی حەمەساڵح وای وت.

ڕێبوار كەریم، وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی "ئەوەی لای ئێمە گرنگە، قۆناغی دوای هەڵبژاردنی هاوپەیمانێتییەكەیە كە لای ئێمە ڕوون نییە، ئەوەی هەیە تەنیا یەكلیستی و كۆكردنەوەی دەنگەكانە، دروستكردنی هاوپەیمانێتی نییە".

وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست جەختی كردەوە "دوو ڕۆژە گفتوگۆ دەكەین، باسی ئەوە نەكراوە كە ئامانجی ئەم هاوپەیمانێتییە چییە؟ بەڵكو خەریك بوو گفتوگۆ لەسەر ئەوە بكرێت چۆن كورسییەكان دابەش بكرێت".