سبەینێ دووبارە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كۆدەبنەوە؛ 'لێكتێگەیشتن هەیە، بەڵام هێشتا ڕێكنەكەوتووین'
پەرەگراف
كۆبوونەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە سلێمانی بۆ گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كۆتایی هات. هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێككەوتنێك، بەڵام دەڵێن "لێكتێگەیشتن هەیە". بڕیارە سبەینێ دووبارە كۆببنەوە.
زۆرینەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كە پێكهاتوون لە نەوەی نوێ، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری، ڕەوتی هەڵوێست، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی و چەند كەسایەتییەكی سەربەخۆ، بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا كردووە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لە دەرەوەی پارتی و یەكێتی.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی شاندی كۆمەڵی دادگەری، دوای كۆبوونەوەكە بۆ میدیاكان وتی "سبەینێ جارێكی دیكە كۆدەبینەوە و ئومێد دەكەم بگەین بە ئەنجام".
عەبدولستار مەجید ڕایگەیاند "ئەوەی تا ئێستا كراوە، تەنیا گفتوگۆیە و لەسەر هیچ شتێك ڕێكنەكەوتووین، بەڵام لێكتێگەیشتن هەیە".
هەروەها ڕێبوار كەریم، وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست، جەختی كردەوە كە "لێكتێگەیشتنی باش هەیە، بەڵام گەیشتن بە ڕێككەوتن پێوستی بە چەند كۆبوونەوەیەكی تر هەیە".
بەردەوامیی كاركردنی هاوپەیمانێتییەكە لە دوای هەڵبژاردن و دانانی میكانیزمێك بۆ ئەو مەبەستە، پرسێكە كە زۆرینەی ئەو لایەنانەی ئەمڕۆ كۆبوونەوە، جەختیان لێ كردووەتەوە.
تەنیا سێ ڕۆژ لەبەردەم ئەو لایەنانەدا ماوەی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكەیان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بەوپێیەی كۆمیسیۆن وادەكەی درێژ كردووەتەوە و تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكان لە كۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی 14ـی ئەم مانگە كۆتایی دێت.
وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست دەڵێت "ئۆفیسی هەڵبژاردنەكانمان وریان و (لە ئەگەری پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكەدا) دەتوانن بۆ تۆماركردن فریای كاتی یاسایی بخەن".