پەرەگراف
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ئەویش وەکوو مووچەخۆران چاوەڕێى خەرجکردنى مووچە لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە دەکات و هیوادارە بەزوویى خەرج بکرێـت. جارێکى دیکەیش سوپاسى مووچەخۆرانى هەرێم دەکات لە بەرانبەر "پشوودرێژى"یان لەسەر کێشەکانى مووچە و بەرپرسیارێتییەکەشى دەخاتە ئەستۆى حکومەتى عێراق.
مەسرور بارزانی لە کاتى بەسەرکردنەوەى جێبەجێکردنى پرۆژەى ڕووناکى (کارەبای 24 کاتژمێری) لە گەڕەکی بەڕۆشکێی شاری دهۆک، سەبارەت بە مووچە قسەى کرد و وتى "حکومەتى هەرێم هەموو ئەرکەکانی خۆى جێبەجێ کردووە، هیوادارین حکومەتی فیدراڵیش بێتە پێشەوە و ئەوانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن".
"هیوادارین چیدیکە حکومەتى فیدراڵى بابەتی مووچە نەکەنە قەزییەیەکی سیاسی و وەک فشار لە دژی هەرێمی کوردستان بەکارى نەهێنن. هیوادارین بە زووترین کات خەرج بکرێت و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین"، سەرۆکى حکومەتى هەرێم واى وت.
ئەم قسانەى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە کاتێکدان کە ١١ ڕۆژ لە مانگى پێنج تێپەڕیوە و هێشتا مووچەى مانگى چوار لە هەرێمى کوردستان دابەش نەکراوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "تەیف سامى، وەزیرى دارایى عێراق، بەو بڕە داهاتە ڕازى نییە کە حكومەتی هەرێم بە ناوی (بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم)ـەوە مانگانە ڕادەستی دەكات، پێی وایە ئەوە نیوەی داهاتی ڕاستەقینەی هەرێم نییە كە ڕادەست دەكرێت".
ئەو سەرچاوەیە کە ڕۆژى ٦ـى ئەم مانگە بۆ پەرەگراف قسەى کرد، وتیشى "سەرباری هەوڵەكانی حكومەت و بەرپرسانی هەرێم، هێشتا هیچ كام لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم دەرنەبڕیوە".
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی سێ 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینار، بۆ مانگی دوو 48 ملیار و 722 ملیۆن و 239 هەزار دینار، بۆ مانگی یەكیش 51 ملیار و 895 ملیۆن و 457 هەزار دیناری وەكوو بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان، ڕادەستی بەغدا كردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد "مانگەكانی پێشووش زۆر جار تەیف سامی ئامادە نەبووە مووچەی هەرێم خەرج بكات و بە بڕیاری سوودانی كراوە، بەڵام ئەم مانگە سوودانیيش لە هەرێم نیگەرانە، نەك تەنیا لەسەر داهاتی ناوخۆ، بەڵكو لەسەر دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتیش".
"سوودانی لای لایەنە شیعەكان تووشی ئیحراجی بووە، بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان كۆسپ بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دروست دەكەن، بۆیە نیگەرانە و ئامادە نەبووە بڕیاری خەرجكردنی مووچەی هەرێم بدات تا ئەو دۆسیانە یەكلا دەكاتەوە"، سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف وای وت.