کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لەسەر مووچە و کارەبا ئەنجام نەدرا

07-05-2025 12:52

پەرەگراف

بڕیار وابوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و لەسەر پرۆژەی ڕووناكی (كارەبای 24 كاتژمێری) و مووچەی مانگی چوار گفتوگۆ بكات، بەڵام كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدرا و هیچ ڕوونكردنەوەیەكیش لەبارەی هۆكارەكەی نەدراوە.

بەپێی كارنامە، دەبوو كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 07-05-2025 لە كاتژمێر 10:00 بۆ 12:00 ئەنجام بدرێت.

یەكەم تەوەری كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر "ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پـڕۆژەی ڕوونـاكی و دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری و كەمكــردنەوەی تێچــووی بەكارهێنــان و بەهەدەردان". كە بڕیار بوو لەلایەن وەزیری كارەباوە بخرێتە ڕوو.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە "بەدواداچوون بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی نیسانی 2025"ـى مووچەخۆرانى هەرێم بوو، كە بڕیار بوو وەزیری دارایی هەرێم ڕوونكردنەوەی لەبارەوە بخاتە ڕوو.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بریتیبوو لە "ڕاسپاردنی وەزارەتەكان و لایەنەكانی نەبەسـتراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجـومەنی وەزیـرانەوە بـۆ هەمـاهەنگی و هاریكاریی دەستەی هاوبەشـی وردبینـیی هەردوو دیـوانی چـاودێری دارایـی فیـدراڵ و هەرێمـی كوردسـتان".

كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران بەبێ هیچ ڕوونكردنەوەیەك و خستنەڕووی هۆكاری دواخستنی، ئەنجام نەدرا.

ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكە لەكلتێكدایە كە هەفتەیەك لە مانگی پێنج تێپەڕێوە و هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە. هەروەها پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری لە هەندێك شوێن ناڕەزایەتیی بەدوای خۆیدا هێناوە و داوای هەرزانكردنی نرخی كارەباكەی دەكرێت.

لەبارەى کێشەى مووچەوە، شەوى ڕابردوو سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "سەرباری هەوڵەكانی ‏حكومەت و بەرپرسانی هەرێم، تا ئێوارەی ئەمڕۆیش هیچ كام لە تەیف سامی، ‏وەزیری دارایی عێراق و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ‏ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم ‏دەرنەبڕیوە".‏

بەپێی سەرچاوەكە "وەزیری دارایی عێراق لەو بڕە داهاتە ناڕازییە كە ‏حكومەتی هەرێم بە ناوی (بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی ‏هەرێم)ـەوە مانگانە ڕادەستی دەكات، پێی وایە ئەوە نیوەی داهاتی ڕاستەقینەی ‏هەرێم نییە كە ڕادەست دەكرێت".‏

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی سێ‌ 48 ملیار و 205 ملیۆن و ‏‏765 هەزار دینار، بۆ مانگی دوو 48 ملیار و 722 ملیۆن و 239 هەزار دینار، ‏بۆ مانگی یەكیش 51 ملیار و 895 ملیۆن و 457 هەزار دیناری وەكوو بەشی ‏گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان، ڕادەستی بەغدا كردووە.‏

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد "مانگەكانی پێشووش زۆر جار تەیف سامی ‏ئامادە نەبووە مووچەی هەرێم خەرج بكات و بە بڕیاری سوودانی كراوە، بەڵام ‏ئەم مانگە سوودانیيش لە هەرێم نیگەرانە، نەك تەنیا لەسەر داهاتی ناوخۆ، بەڵكو ‏لەسەر دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتیش".‏

‏"سوودانی لای لایەنە شیعەكان تووشی ئیحراجی بووە، بەهۆی ئەوەی حكومەتی ‏هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان كۆسپ بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ‏دروست دەكەن، بۆیە نیگەرانە و ئامادە نەبووە بڕیاری خەرجكردنی مووچەی ‏هەرێم بدات تا ئەو دۆسیانە یەكلا دەكاتەوە"، سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف ‏وای وت.‏

دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، لەگەڵ تیمی ‏هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە، كە بۆ ‏‏"ئامادەكردنی ڕاپۆرتی وردبینی لە داهات و خەرجیی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ‏‏٢٠٢٥ لە هەرێمی كوردستانن".‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، وەزیری دارایی ئامادەیی وەزارەت و ‏بەڕێوەبەرایەتییەكانی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی تیمە هاوبەشەكان دووپات ‏كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "هەرچی داتا و زانیاریی پێویست و بەردەست بێت، ‏دەخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی ‏كوردستان".‏

سەبارەت بە کێشەى هەناردەنەکردنەوەى نەوتیش، سەباح سوبحی، جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ‌پەرلەمانی عێراق، بە ‏ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە "لەسەر داوای ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق، شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە ‏‏‌بەغدادە و دانوستان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەكرێت"‏

وەكوو سەباح سوبحی دەڵێت، لە دوایین كۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد شیاع ‏سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق "هەندێك ڕێكاری" دیاری كردووە بۆ ‏چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە بەردەم پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی ‏هەرێمی كوردستاندان.‏