پەرەگراف
عەلی حەمەساڵح دەڵێت "لە ماوەی 26 مانگی ڕابردوودا كە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە، 240 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە و فرۆشراوە، بەڵام داهات بۆ خەزێنەی گشتیی هەرێم سفر بووە و قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانیش لەسەر حكومەتی هەرێم گەیشتووەتە نۆ ملیار و 250 ملیۆن دۆلار".
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست و سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ژمارەیەك داتای لەسەر نەوتی هەرێم خستە ڕوو و هۆشداریی دا كە "هەرێمی كوردستان، خەڵكەكەی، مووچەی، ژیانی، ئایندەی حوكمڕانیی لەبەردەم مەترسییەكی ئێجگار گەورەدایە، دەرگای ئەم مەترسییەش دۆسیەی نەوتە".
ناوبراو كە ئاماژەی بەوە كرد دوو مانگە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكات، وتی "بەپێی ڕاپۆرتی چاودێریی دارایی عێراق كە چارەكی دووەمی ساڵی پاری كردووەتە نموونە، هەرێم لە سێ مانگدا 27 ملیۆن و 694 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەكەی 796 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام خەرجیی 846 ملیۆن دۆلارە، واتە 50 ملیۆن دۆلاریش زەرەری كردووە، كە هیچ كەس ناتوانێت بڕوا بەمە بكات".
عەلی حەمەساڵح وتیشی "لە كاتێكدا هەناردەی نەوت ڕاگیراوە، 176 ملیۆن و 918 هەزار دۆلار دراوەتە كرێی بۆری لە سێ مانگدا. هەروەها لە ماوەی 26 مانگدا كۆمپانیای دیلۆیت یەك ڕاپۆرتی نەبووە، بەڵام لە سێ مانگدا 219 هەزار دۆلار دراوەتە كرێی ڕاپۆرتی دیلیۆیت".