پەرەگراف
سێیەمین پێشانگای گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (میتێكس2025) لە شاری هەولێر كرایەوە و200 كۆمپانیا و دامەزراوەی گەشتیاری لە 20 وڵاتەوە بەشدارن. مەسروور بارزانی دەڵێت، پێشتر لە ڕێگەی كارەساتەكانەوە شوناسی خۆمان بە جیهان دەناساند، ئێستا بە زۆر شتی تری وەكوو كەرتی گەشتیاری.
پێشانگاكە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و تا كۆتایی ڕۆژی پێنجشەممە 08-05-2025 بەردەوام دەبێت. تێیدا پێداویستی و پێشكەوتنەكانی كەرتی گەشتیاری دەخرێنە ڕوو.
لاوەند مەموندی، ڕێكخەری پێشانگاكە، وتی "لە ڕۆژانی پێشانگاكەدا، بیروڕا و تێزی تایبەتیش لە ڕێگەی پانێڵی زانستی بە بەشداریی كەسانی شارەزا و پسپۆڕی بوارەكە پێشكەش دەكرێت، بۆ زیاتر پێشخستنی بواری گەشتیاری".
ڕێكخەری سێیەمین پێشانگای گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە زیاتر شوێنە گەشتیارییەكان نۆژەن بكەنەوە. وتیشی "هەرێمی كوردستان چەندین شوێنی مێژوویی دەگمەن و گەشتیاریی سەرنجڕاكێشی هەیە كە ئەگەر گرنگیی زیاتریان پێ بدرێت، هیچ كەمتر نین لە وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیش".
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەشداریی كردنەوەی پێشانگاكەی كرد و لە وتارێكدا وتی "هەوڵی زۆرمان داوە ئاسانكاری لە كەرتی گەشتیاریدا بكەین بۆ فرەچەشنكردنی داهات. لە زاخۆ تا هەڵەبجە پلانمان بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری هەیە".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتیشی "پێشتر هەموو هەوڵمان بۆ ناساندنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی بووە بە دەرەوە، زیاتر باسی ئەو كارەساتانەمان كردووە كە بەسەر نەتەوەكەماندا هاتووە، بەڵام دەبینین كوردستان زۆر زیاتری هەیە نیشانی جیهانی بدات، لە ڕووی جوگرافییەوە چەندین شوێنی جوان و دڵگیری هەیە، چەندین دەسەڵات و حوكمڕانی لەم ناوچەیەدا بوون، پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی نیشان هەیە، كە دەكرێت سەرنجی گەشتیارانی درەوەی بۆ ڕابكێشین".