پەرەگراف
لە یەكەم سەردانیدا بۆ ئەورووپا، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا لە كۆشكی ئیلیزێ لەلایەن ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنساوە پێشوازیی لێ دەكرێت.
سەردانەكەی شەرع سبەی چوارشەممە 07-05-2025 ئەنجام دەدرێت. كۆشكی ئیلیزێ لەبارەی سەردانەكەوە ڕایگەیاند "ئیمانوێل ماكرۆن پشتگیریی فەرەنسا بۆ بنیادنانی سووریایەكی نوێ دووپات دەكاتەوە، سووریایەكی ئازاد، سەقامگیر، سەروەر كە ڕێز لە هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی سووری بگرێت".
كۆشكی ئیلیزێ دەشڵێت "ئەم كۆبوونەوەیە بەشێكە لە پابەندبوونی مێژوویی فەرەنسا بەرانبەر گەلی سووریا كە خوازیاری ئاشتی و دیموكراسین".
"لە كۆبوونەوەكەدا، ماكرۆن جەخت لە داواكارییەكانی بەردەم حكومەتی سووریا دەكاتەوە، كە سەرەكیترینیان بریتییە لە سەقامگیریی ناوچەكە بە لوبنانیشەوە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، كۆشكی ئیلیزێ وا دەڵێت.