پەرەگراف
عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند: دێرین ئەحمەد محەمەد ناسراو بە (دێرین عوزێری) لە ڕۆژی ٢٠٢٥/٥/٤ دەستگیرکرا و ئەمڕۆ خرایە بەردەم دادوەر، ناوبراو لەماوەی ڕابردوودا فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و ڕووبەرووی یاسا کرایەوە.
کوێخا دێرین عوزێری فەرماندەی سەربازیی یەکێتی، ساڵی ڕابردوو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا لەسەر تەقەکردن لە سەرمایەدارێک، بەڵام ناوبراو هەڵهات و کوردستانی بەجێهێشت، پاشان کۆشکەکەی کە بە قەڵای عوزێریی ناسرابوو تەقێندرایەوەو ڕووخێندرا.
ڕۆژی 12-2-2024 دەزگای ئاسایش ڕایگەیاند: "پاش ئەوەی شەوی 29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی تەقە لە سەرمایەدار ئەحمەد کامیل فەقێ کرا و بریندارکرا، دوای ڕەزامەندی دادوەری بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکردو ڕۆژی 30ـی 1ـی 2024، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر بەناوی ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی دەستگیرکرا".
"دوای لێکۆڵینەوە ئەو تۆمەتبارە دانی بە تاوانەکەیدا ناوەو دەرکەوتووە تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی ئومێد کەمال هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای دێرین ئەحمەد محەمەد ناسراو بە کوێخا دێرین و، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە. دواتر ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە ئومێد کەمال تۆمەتباری دووەم کە هاوکاری تەقەکەری کردووە دەستگیرکراو، ئێستاش کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە" دەزگای ئاسایش وای وت.
ئاسایش وتیشی "کێشەکەی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی و، هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریداوە دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار کوێخا دێرین و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کراونەتەسەر موڵکی گشتی".