جووتیارەكەی سەرگەڕان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێك كە دوو ئەفسەری 'پارتی و یەكێتی'ـش واژوویان ‏كردووە دادگایی دەكرێت

05-05-2025 03:31

پەرەگراف

لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی لیژنەیەك كە دوو ئەفسەری كورد "لە پشكی پارتی ‏و یەكێتی"ـش واژوویان لەسەر كردووە، سكاڵا لەسەر جووتیارە كوردەكەی ‏سەرگەڕان تۆمار كراوە و تۆمەتبار كراوە بە "ئاژاوەگێڕی". پارێزەری ‏دۆسیەكە بە ڕاپۆرتێكی "زۆر خراپ" وەسفی دەكات و نوێنەری جووتیارانی ‏كوردیش لە سەرگەڕان دەڵێت "ئەو دوو ئەفسەرە كوردە ئەگەر فەسڵیش ‏بكرانایە، نەدەبوو واژوو لەسەر ڕاپۆرتەكە بكەن".‏

ئەمڕۆ دووشەممە 05-05-2025، محەمەد ئەمین، ئەو جووتیارە كوردەی ‏كە لە گوندی سەرگەڕانی كەركووك لەلایەن سوپای عێراقەوە بە ملپێچەكەی ‏ڕاكێشرا، لەسەر سكاڵایەكی وەزارەتی بەرگریی عێراق چووە دادگای دبس و ‏بە كەفالەتی سێ‌ ملیۆن دینار ئازاد كرا.‏

سەبارەت بە سكاڵاكە، محەمەد ئەمین وتی "سكاڵاكە لەسەر بنەمای ئەو ‏ڕاپۆرتە تۆمار كراوە كە ڕۆژی 18-12-2024 لیژنەیەكی چوار كەسیی ‏سەربازی لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەیرانی عێراقەوە هاتنە ناوچەی ‏شناغە بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی ڕاكێشانی ملپێچەكە كە لە 17ـی مانگ ‏بەرامبەر من كرا".‏

ئەو جووتیارە وتیشی "لیژنەكە كە دوو ئەندامیان كوردن، لە ڕاپۆرتەكەدا ‏زۆر خراپ لەسەر منیان نووسیوە، وەكوو ئەوەی من هۆكاری ئاژاوە بم و ‏ئاژاوەگێڕیم كردبێت، هەروەها زۆر خراپیش لەسەر ناوچەكە و ‏پەرلەمانتارە كوردەكان نووسیویانە".‏

محەمەد ئەمین داوا لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ‏وەزیری پێشمەرگە دەكات "لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە" لەسەر ئەو ڕاپۆرتە پێك ‏بهێنرێت و دەڵێت "چۆن نوێنەرێكی كورد قسەی خراپی لەو شێوەیە واژوو ‏دەكات".‏

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی جووتیارە كوردەكە، جەختی لەوە ‏كردەوە كە ئەو ڕاپۆرتە لەلایەن ژمارەیەك ئەفسەری بەرگریی عێراق و ‏هەرێمی كوردستانەوە ئامادە كراوە و وتیشی "نەدەبوو ئەفسەرە كوردەكان ‏واژوو لەسەر ئەو ڕاپۆرتە بكەن".‏

‏"ڕاپۆرتەكە زۆر خراپە، تێیدا هاتووە كە دەبێت محەمەد ئەمین دادگایی ‏بكرێت"، پارێزەرەكە وا دەڵێت.‏

محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی كورد لە سەرگەڕان، ڕایدەگەیەنێت ‏‏"ئەو دوو ئەفسەرە كوردەی واژوویان لەسەر ڕاپۆرتەكە كردووە، نوێنەری ‏پارتی و یەكێتین".‏

نوێنەری جووتیارانی كورد لە سەرگەڕان دەشڵێت "ئەو دوو فەسەرە كوردە ‏ئەگەر فەسڵیش بكرانایە، نەدەبوو واژوو لەسەر ڕاپۆرتەكە بكەن، چونكە ‏ناهەقیی تێدایە".‏