کۆمەڵ لە دادگاى فیدراڵى سکاڵاى بۆ هەڵوەشاندنەوەى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرد

04-05-2025 02:07

پەرەگراف

پەرلەمانتارێکى پێشووى کۆمەڵى دادگەرى لە دادگاى باڵاى فیدراڵى سکاڵاى بۆ هەڵوەشاندنەوەى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرد. داواش لە دادگاکە دەکات کۆمیسۆن ڕابسپێرێت بۆ دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن.

عومەر گوڵپى، ئەندامى خولى پێشووى پەرلەمانى کوردستان کە هاوکات لەم خولەشدا یەکێک بوو لە کاندیدە دەرچووەکانى کۆمەڵ، لەبەردەم دادگاى فیدراڵیدا دواى تۆمارکردنى سکاڵاکە وتى "داوامان لە دادگاى فیدراڵیش کردووە هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".

عومەر گوڵپى دەڵێت "کرۆکى سکاڵاکە پەیوەندیى بەوەوە هەیە کە پاش شەش مانگ و ٢٠ ڕۆژ لە هەڵبژاردن و پاش پێنج مانگ لە سوێندخواردنى پەرلەمانتاران، تا ئێستا پەرلەمان دەرگاکەى داخراوە و کارا نییە، ئەمەش سەرپێچییەکى ڕوونى یاسا و دەستوور و ئیرادەى خەڵکى کوردستانە".

کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەست هێنا، دواى هەڵبژاردنەکە ڕایگەیاند "ساختەکاریى گەورە ئەنجام دراوە و هەڵبژاردنەکە دیزاینکراو بووە". دواتریش بڕیارى دا بەشداریى ئەم خولەى پەرلەمان نەکات.

هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ ئەنجام درا، پەرلەمانیش لە ٠٢-١٢-٢٠٢٤ یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجام دا و لەو کاتەوە کۆبوونەوەکە بە کراوەیى هێڵدراوەتەوە، بەهۆى ئەوەى پارتى و یەکێتى کە براوەى یەکەم و دووەمى هەڵبژاردنن و لە گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەت بەردەوامن، تا ئێستا لەسەر پێکهێنانى حکومەت نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.