لەسەر سکاڵایەکی 14 ساڵ لەمەوبەری کاوە گەرمیانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێکی ئەمنی دەرچوو
پەرەگراف
لەسەر سكاڵایەكى ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانى كە 14 ساڵ لەمەوبەر و نزیکەى دوو ساڵ بەر لە تیرۆرکردنى لەسەر سەیوان غازی، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی کەلار تۆماری كردووە، ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو بەرپرسە دەرچوو.
شیرین ئەمین، هاوسەری كاوە گەرمیانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پاش چەندین دانیشتنی دادگا و گۆڕینی سێ دادوەر، تۆمەتبارەكە ئامادە نەبووە بێتە بەردەم دادگا، بۆیە ئەم دادوەرە نوێیە كە سكاڵاكەی لایە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بەڕێوەبەرەی پێشووی ئاسایش دەركرد".
شیرین ئەمین سەبارەت بە سكاڵاكە وتی "لە کاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١١دا چەند جارێک ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی بەتایبەت لەلایەن ئاسایشەوە بەئامانج گیراوە و لێی دراوە تا ئەوەی لووتی شكێندراوە، بۆیە كاوە ئەوكاتە سكاڵای لەسەر بەڕێوەبەری ئاسایش تۆمار كردووە، ئێمەش وەكوو میراتگری ئەو لە دوای خۆی درێژەمان بە سكاڵاكە دا".
ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، سەرنووسەری گۆڤاری ڕایەڵ، شەوی 05-12-2023، لەبەردەم دەرگای ماڵی خۆیاندا لە گەڕەكی سەركەوتنی قەزای كەلار، دەستڕێژی گوللەی لێ كرا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. دواتر لەسەر دۆسیەكەی كەسێك بە ناوی (توانا خەلیفە) بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزا درا. كەسوكاری كاوە گەرمیانی پێیان وایە بەرپرسێكی باڵا لە پشت تیرۆركردنی كاوەوە بووە.