قوباد تاڵەبانی: دەبێت ئازادیی راگەیاندن و رادەربڕین بکەینە هێڵی سووری کۆمەڵگاکەمان

03-05-2025 10:41

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، دەڵێت، دەبێت ئازادیی راگەیاندن و رادەربڕین بکەینە هێڵی سووری کۆمەڵگاکەمان و بێزار و ماندوونەبین لە هەر بۆنەیەکدا باسی بکەین و جەختی لێ بکەینەوە تا لە مێشك و دڵ و دەروونی تاک بە تاکی ئەندامانی کۆمەڵگاکەماندا وەک نەریتێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی دەچەسپێت.

"بۆ ئەوەی هیچ هێز و کەس و لایەنێک رۆژێک لە رۆژان جورئەتی نەبێت دەست بۆ بەرتەسککردنەوەی سنووری ئازادیی راگەیاندن و رادەربڕین ببات" تاڵەبانی وادەڵێت.

جێگری سەرۆکوەزیران دەشڵێت "یادی پارێزەرانی حەقیقەت، ئەو رۆژنامەنووس و نووسەرە ئازایانە بەرز رادەگرین کە لە پێناو گەیاندنی حەقیقەتدا گیانیان بەخت کرد و هیوادارین چیتر ناوی هیچ رۆژنامەنووسێک بە مۆنیۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لە پارکی ئازادی زیاد نەکرێت".

مۆنۆمێنتی 'پارێزەرانی حەقیقەت' لە ١٤-٩-٢٠٢٤ لە پارکی ئازادیی سلێمانی کرایەوە کە  بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی دروستکراوەو ناو و ساڵی شەهیدکرانی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی تێدایە کە لە دوای ساڵی 2003وە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کوژراون.

کۆی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە مۆنۆمێنتەکەدا ناویان نووسراوە، 551 ڕۆژنامەنووسن، بەپێی ئامارەکانی وێبسایتی مۆنۆمێنتەکە؛ زۆرترین ڕۆژنامەنووسی کوژراو لە ساڵی 2006دا بووە کە 114 ڕۆژنامەنووس بوون، پاشان لە 2007دا 95 ڕۆژنامەنووس کوژراون، ساڵەکانی 2021 و 2022 باشترین بوون بۆ ڕۆژنامەنووسان و لە دوای 2003وە تەنها لەو دوو ساڵەدا ڕووداوی کوشتن نەبووە.

لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش هیچ پارێزگایەکی عێراق نییە ڕووداوی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی تێدا تۆمار نەکرابێت، بەغداد لە دوای 2003 زۆرترین ڕۆژنامەنووسی تێدا کوژراوە کە 286 ڕۆژنامەنووس بوون، پاشان لە نەینەوا 102 ڕۆژنامەنووس و لە سەڵاحەدین 28 ڕۆژنامەنووس کوژراون.

لە شارە کوردییەکانیش، کەرکوک زۆرترین ڕۆژنامەنووسی تێدا کوژراوە کە 23 ڕۆژنامەنووس بوون پاشان لە هەولێر 12 ڕۆژنامەنووس و لە سلێمانی 5 ڕۆژنامەنووس کوژراون.