وەزارەتی دارایی ٤٥ ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ‏ڕاپەڕین خەرج دەكات

30-04-2025 03:01

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم ٤٥ ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی ‏و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج دەكات. بڕیارەكە دوای ‏كۆبوونەوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی وەزیری درایی دێت لەگەڵ بەرپرسانی ‏ئیداری و یەكێتیی بەڵێندەران و بانكەكانی سەر بەوەزارەت.‏

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی ‏بەڵێندەران و ئەو كۆمپانیایانە دەركردووە كە سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆژەكانن ‏لەو ناوچانە.‏

بەپێی بڕیارەكان، پارە بۆ دەرمان و پێداویستیی تەندروستیی سلێمانی و ‏نەخۆشخانەی هیوا، شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی، ڕێگای دووسایدی كەلار - ‏دەربەندیخان، شایستەی كۆمپانیاكانی خۆڵ و خاشاك، پڕۆژە بەردەوامەكانی ‏پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج كراوە.‏

هەروەها وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم بڕیاری دا بە بەردەوامبوونی لیژنەی ‏خەرجكردنی گەڕانەوەی (التأمينات و خطاب الضمان)ـی بەڵێندەران لە سەرجەم ‏بانكەكان، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەكان بەپێی ڕێژە و گوژمەی دیاریكراو.‏

ئەو بڕە پارانەی كە بڕیاری خەرجكردنیان دراوە:‏

‏١‏‎- ‎‏٤،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠‏‎ ‎چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار بۆ خەرجی دەرمان ‏بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی‎.‎

٢‏‎- ‎‏٤،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠‏‎ ‎چوار ملیار دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی ‏هیوا‎.‎

‏٣‏‎- ‎‏٣،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠‏‎ ‎سێ ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار ، بۆ سەرجەم ‏پڕۆژەكانی سلێمانی و دەوروبەری‎.‎

‏٤‏‎-‎‏٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠‏‎ ‎سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەكانی ئیدارەی گەرمیان‎.‎

‏٥‏‎- ‎‏٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠‏‎ ‎دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین‎.‎

‏٦‏‎- ‎‏٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠‏‎ ‎دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەكانی پارێزگای ‏هەڵەبجە‎.

‏٧‏‎- ‎‏٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠‏‎ ‎پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگای دوو سایدی كەلار - ‏دەربەندیخان‎.

‏٨‏‎- ‎‏٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠‏‎ ‎بیست ملیار دینار وەك شایستەی دارایی پڕۆژەی ‏شەقامی (١٠٠) مەتری سلێمانی (شاڕێی بابان‎).‎

‏٩‏‎- ‎‏١،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠‏‎ ‎یەك ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاك‎.‎