پەرەگراف
حکومەتی هەرێم نیگەرانە لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنێک لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI)کە نە ئامێری پارەدانی ئەلیكترۆنی لە هەرێم داناوەو نە كارتی بانكیی فەرمانبەرانی چاپكردووە.
بەوهۆیەوە حکومەتی هەرێم نامەی ناڕەزایی لە دژی بانکەکە گەیاندووەتە بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
عەزیز ئەحمەد، جێگری سەرۆکی نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس دەڵێت، حکومەتی هەرێم ساڵی رابردوو لەگەڵ بانکی بازرگانی عێراق گەیشتە رێککەوتن کە بانکەكە (100) ئامێری نوێی (ATM) لە هەرێمی کوردستان دابنێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە پرۆگرامی هەژماری من، بەڵام تا ئێستا رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە.
"ئێمە بە قوڵی نیگەرانین لە دواکەوتنی بانکی بازرگانیی عێراق لە دانانی ئامێری پارەدانی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی کوردستان" عەزیز ئەحمەد وادەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو، بانکەکە زیاتر لە 40 هەزار داواکاری لە فەرمانبەرانی هەرێمەوە پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا کارتی بانکیی بۆ فەرمانبەران چاپ نەکردووە.