ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: گرووپێكی تیرۆریستی دوو جار بە درۆن هێرشی كردە سەر پێشمەرگە
پەرەگراف
لە ماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا دوو جار درۆنی بۆمبڕێژكراو لە یەك خاڵی پێشمەرگە لە سنووری قەزای ئامێدی تەقیوەتەوە و پێنج پێشمەرگە بریندار بوون. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بەبێ ناوهێنانی هیچ لایەنێك بە هێرشی "گرووپێكی تیرۆریستی" ناوی دەبات.
ئەو خاڵەی كراوەتە ئامانج، بنكەیەكی نوێی هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانییە و دەكەێتە گوندی بلاڤە لە قەزای ئامێدی. ئەو ناوچەیە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام شەڕی توندی نێوان گەریلاكانی پەكەكە و سوپای توركیای تێدا بووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانی، گرووپێكی تیرۆریستی لە دوو هێرشی جیاوازدا بە درۆن بنكەكانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری پارێزگای دهۆك كردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، بارودۆخی بریندارەكان "باشە" و ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت "پێشمەرگەكان ئامادەن بە ئیرادەیەكی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێكی ناحەزان بدەنەوە".
"لە كاتێكدا كە پرۆسەی ئاشتی لە باكوور و كۆنفرانسی یەكێتیی لایەنە كوردستانییەكان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم خەریكە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەكەدا پەك بخەن"، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وا دەڵێت.
ئەنجومەنەكە وێڕای "سەركۆنەكردن"ـی هێرشەكان، هۆشداریش دەداتە "هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج" و ڕایدەگەیەنێت "هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ كاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێكی تێكدەرانە".