کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیکتریکی ئەمەریکی گرێبەستێکی واژۆکرد بۆ زیادکرد بەرهەمی کارەبا لە وێستگەی بازیان
پەرەگراف
کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیکتریکی ئەمەریکی گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای تۆڕەس ئینێرجی واژۆکرد بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە نوێترین شێوازی سەردەم لە وێستگەی بازیان لە سلێمانی .
کۆمپانیا ئەمەریکییەکە نوێترین داهێنانی سەردەم بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی کارەبای وێستگەی بازیان بە بڕی هەزارو ٢٥٠ مێگاوات بۆناو تۆڕی کارەبای نیشتیمانی لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٦دا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لە مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا ڕایگەیاند، کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیکتریک توانیویەتی نوێترین داهێنان لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا بهێنێتە کوردستان، "سلێمانی دەکەنە یەکەم شوێن لە جیهاندا کە ئەم سیستمەی تێدا بەرکار دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی ژێرخانی کارەباو گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و ئابوریی کوردستان".
تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەرگای بەڕووی کۆمپانیا گەورەکانی جیهاندا کراوەیەو دەرفەتی وەبەرهێنان زۆرەو هەموو کارئاسانییەکیان بۆ دەکەن، وتیشی "بەم گرێبەستە دەتوانرێت کارەباى یەک لەسەر سێى هەرێمى کوردستان بەرهەمبهێنرێت و بەوەش نزیکدەبینەوە لەوەی بگەین بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی".
جێگری سەرۆکوەزیران هیوایشیخواست، لە داهاتوودا هێندە کارەبا بەرهەمبهێنرێت کە نەک بەشى پێداویستى ناوخۆ، بەشى شارەکانى عێراق بدەن و هەناردەى دەرەوەشى بکەن.