ئەپیکور شکستی کۆبوونەوەکەی هەولێری ڕاگەیاند بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت

27-04-2025 09:27

پەرەگراف

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئەپیکور) شکستی کۆبوونەوەکەی ٢٠ی ئەم مانگەی هەولێری ڕاگەیاند بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دەڵێت: لە نەبوونی بەرەوپێشچوون نیگەران و پەشیمانین، بەڵام هەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوام دەبێت.

ئەپیکور لە بەیاننامەیەکدا جەخت دەکاتەوە کە کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەیان ئامادەن بۆ دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەگەر ڕێککەوتن بۆ دڵنیاییدان لە پێدانی پارەی کۆمپانیاکان بکرێت و تەواوی ئەو قەرزانەشی لای حکومەتی هەرێمە پێیان بدرێتەوە.

ئەپیکور ئەوەش دەخاتەڕوو، بۆ چارەسەری کێشەکان چەندین پێشنیاریان کردووە، بەڵام پەسەند نەکراون، گفتوگۆی جەوهەریی بۆ دڵنیاییدان لە پێدانی پارەی کۆمپانیاکان نەکراوەو هیچ بەرەوپێشچوونێکیش لە دانەوەی قەرزەکانیاندا نییە.

٢٠ی ئەم مانگە شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت کۆبوونەوە لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و چارەسەرکردنی بەربەستەکان.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دوای کۆبوونەوەکە وتی "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت کرا، هەردوولا پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت تاوتوێ کرد، لە بەرامبەردا گوێ لە بیروڕای کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت لەم رووەدا گیرا".

زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بۆ تورکیا ڕاگیراوەو لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆو فشارەکان، بەڵام هێشتا وادەی دەستپێکردنەوەی دیار نییە، ئەو زیانە داراییەی بەر عێراق کەوتووە کە پشکی شێری زیانەکە بۆ هەرێمی کوردستانە، ٢٩ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە بەپێی ماڵپەڕی ئەپیکور.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.